سلێمانی.. بەبۆنەی ٨ی مارسەوە ژنانی کارکەر بەسەركرانەوە

لە چوارچێوەی بەڕێوەچونی مەراسیمی‌و چالاکییەکانی تایبەت بە ٨ی مارس رۆژی جیھانی ژنان دوێنێ‌ شەممە ٩٣، لە شاری سلێمانی لێپرسراوانی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی بەبۆنەی ٨ مارس رۆژی جیھانی ژنانەوە وەک رێزلێنان‌و پێزانینێک لەبەرامبەر کارکردنیان لەناوبازاڕی شاری سلێمانی ئەو ژنانەیان بەسەرکردەوە کە کاردەکەن‌و بە ھەوڵی خۆیان بژێوی ژیانیان دابین دەکەن، لەو بەسەرکردنەوەیەدا سەرباری گەیاندنی پیرۆزباییان بەبۆنەی رۆژی جیھانی ژنانەوە دیاری وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیان بەو ژنانە بەخشی‌و پێیان راگەیاندن بۆیان روونکرایەوە کە ئەرکێکی گرنگیان لەئەستۆ گرتووە کە ئەویش پەیداکردنی بژێوی ژیانی خێزانەکانیانە، ئاماژەشیان بۆ ئەوەکرد لە رێگەی دەزگاو دامەزراوەکانی حکومەتەوە لە ھەوڵدادەبن بۆ دابینکردنی ژیانێکی گونجاو شایستە بۆ ھەموو ئەو ژنانەی کە لەئێستادا لەناو بازاڕەکاندا کاردەکەن.
محەمەد حەمە ساڵح بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی رایگەیاند بەپێویستیان زانی لە رۆژی جیھانی ژناندا وەک رێزلێنانێک لە ماندوبونیان ئەو ژنانەبەسەربکەنەوە کە لەناوبازاڕی شاری سلێمانیدا رۆژانە کاردەکەن،  ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد بەسەرکردنەوەکەیان ئاماژەیەکە بۆ رێزلێنان لە ھەموو ژنانی کورد بەتایبەتی ئەو ژنانەی کە بە ھەر ھۆکارێک بێت کاردەکەن‌و بژێوی ژیانی خێزانەکانیان پەیدا دەکەن، راشیگەیاند وەک رێزگرتنێک لە کارەکانیان ھەریەک لەو ژنانەی بەسەریانکردنەوە دیاری‌و ھاوکاریان پێشکەشکردن.
بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی راشیگەیاند ھاوکات لەگەڵ بەسەرکردنەوەکەیاندا ناوی ھەموو ئەو ژنانەیان تۆمارکردووە کە لەناوبازاڕدا شاری سلێمانی کاردەکەن بۆ ئەوەی بەھەوڵی دامەزراوەکانی حکومەت ھاریکاریان پێشکەشبکرێت.