شارەزایەكی عێراقی پێشبینی دەكات، نرخی نەوت بگاتە 100 دۆلار


شارەزایەكی عێراقی لە بواری نەوت پێشبینی دەكات بەهۆی كەمبوونەوەی ئەمباركراوی ستراتیجیی نەوتی خاوی ئەمەریكا لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا، نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی دنیا لە سەرەتای ساڵی داهاتوو بگاتە 100 دۆلار بۆ بەرمیلێك.  

حەمزە جەواهیری، شارەزا لە بواری نەوت رای گەیاند، سەرتای ساڵی داهاتوو نرخی نەوت دەگاتە ئاستێكی بەرز تا رادەی 100 دۆلاری ئەمەریكایی و زیاتر بۆ بەرمیلێك، ئەوەیش بەهۆی دابەزسنی ئاستی ئەمباركراوی ستراتیجیی نەوتی ئەمەریكا لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا.

راشیگەیاند، سەرەتای ساڵی داهاتوو قەبارەی خواست لەسەر نەوت لە بازاڕەكان لەو بڕەی خراوەتە روو زیاتر دەبێت و جموجۆڵی پیشەسازی چین و ژاپۆتیش پێویستیان بە بڕی زۆری نەوت هەیە، بۆیە ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لە وڵاتانی كەنداو لەوانەیش سعوودیە، ناتوانن پێویستی بازاڕەكانی دنیا پڕ بكەنەوە.

جەواهیری ئاماژەی كرد، ئێستە ئەمەریكا هەوڵی دابەزاندنی نرخی نەوت بۆ خوار 70 دۆلار بۆ بەرمیلێك دەدات لە رێگەی پاڵنانی بڕێكی زۆر لە نەوت لە ئەمباری ستراتیجی خۆی، لەپاڵ پابەندكردنی سعوودیە و وڵاتانی كەنداو بە زیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنانیان لەناو رێكخراوی ئۆپێكدا.