لەگەڵ نزیكبوونەوەی جەژنی قوربان و رۆژانی پشووی جەژن، ئامادەكارییەكان لەمەرزی نێودەوڵەتی باشماخ دەستی پێ كرد و بەو هۆیەشەوە و لە پێناو كارئاسانی و دروستنەكردنی ئاستەنگ، بۆ گەشتیارانی ئێرانی و هەرێم، لەیەكەم رۆژی جەژندا، هەموو جۆرە هاتوچۆیەكی ئۆترمبێلی بارهەڵگر و تەنكەر رادەگیرێت و تەنیا رێگە بە هاتوچۆی گەشتیاران دەدرێت.
ئەزوەر مەحموود، سەرپەرشتیاری بەڕێوەبەرایەتی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، راگەیاندوە، لەگەڵ نزیكبوونەوەی جەژنی قوربان و رۆژانی پشوو، وەك مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، لە یەكەم رۆژی جەژندا، كە دەكاتە رۆژی سێشەمی داهاتوو هەموو جۆرە هاتوچۆ و جموجۆڵێكی بازرگانی لەمەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و لەنێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی كوردستان رادەگیرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، لە دووەم رۆژی جەژنەوە هاتوچۆكردنی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و تەنكەرەكان دەست پێ دەكاتەوە.
بەرپرسەكەی ئەو مەرزە وتی، بەدرێژایی رۆژانی جەژن هاتوچۆی گەشتیارانی ئێرانی و هەرێم لە نێوان هەردوولادا ئاسایی دەبێت.
مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، یەكێك لە مەرزە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان و نزیكەی شەش كیلۆمەتر لە شارۆكەی پێنجوێنەوە دوورە و دەروازەیەكی گرنگی ئابووریی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێرانە، لە ئێستەشدا مەرزەكە لە 15 بەڕێوەبەرایەتی و هۆبە و بەش پێك دێت.