كۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی بڵاوی كردەوە، دەیەوێ قازانجەكانی تا كۆتایی ئەمساڵ زیاتر بكات، دوای ئەوەی لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵ 289 ملیۆن دۆلاری قازانج كردووە، كە بەراورد لەگەڵ نیوەی یەكەمی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 83% داهاتی زیادی كردووە، هاوكات دەیەوێ بڕی بەرهەمی نەوتی كێڵگەكانی پیشخابوور زیاد بكات و لە باشیكیش دەستی بە گەڕان و پشكنین كردووە.
بیجان مزەفەر رەحمانی سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، لەگەڵ گەشەی بەرهەمەكانی وزە و داهاتەكانمان، متمانەی زیاتر بەدەست دەهێنین و قازانجەكانمان زۆرتر دەبێ، بۆیە لەگەڵ هەرێمی كوردستان پەرە بە كارەكانمان دەدەین.
كۆمپانیای دی ئێن ئۆ دەیەوێ بەرهەمی ڕۆژانی بیرە نەوتییەكانی پیشخابوور لە 15 هەزار بەرمیلەوە بۆ 50 هەزار بەرمیل بەرز بكاتەوە، كۆمپانیاكە لە سێ كێڵگەی نەوتی كوردستان بەشدارە و دەیەوێ لە مانگی داهاتوو لە چوارەم كێڵگەی نەوتی دەست بەكار بكات.
لە دوو كێڵگەی نەوتی تاوكێ و پیشخابوور نەوتی بەرهەمهێناوە و هەناردەی دەرەوە دەكرێ، بەڵام مانگی داهاتوو لە باشیك دەست بە كارەكانیان لە كێڵگەی نەوتی ئەو ناوچەیە دەكەن، كە بڕی 32%ی پشكی ئەو كێڵگە نەوتییە هی ئیكسن مۆبیل و 32%یشی هی دی ئێن ئۆیە، ئەوەی تریش 16% پشكی كۆمپانیای وزەی توركیایە و 20%ی خاوەنداری پشكەكانیشی بۆ هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە.
كۆمپانیای نەوت و گازی نەرویجی دی ئێن ئۆ لە 1971 دامەزراوە و بارەگای سەرەكی لە ئۆسلی پایتەختی نەرویجە، یەكەم كۆمپانیای نەوت و وزە بوو لە 2006 بۆ یەكەمجار نەوتی كوردستانی بە فەرمی بەرهەمهێنا.