ماوەیەكە گرژی و ئاڵۆزیەكی زۆر كەوتۆتە نێوان توركیا وئەمریكا ، بەهۆی ئەو سزایانەی ئەمریكا كە بەسەر توركیادا سەپاندویەتی بەهای لیرەی توركی نزمترین ئاستی بەخۆیەوە بینی، كە خەریكە ژێرخانی ئابووری توركیا دادەڕمێت.
تارا شوان بەرپرسی ئینیستتیوتی ئەمریكی – كوردی ، راگەیاند: كێشەكانی نێوان توركیا و ئەمريكا زیاتر كێشەی سیاسین نەوەك ئابووری، بەڵام ئێستا ستراتیژیەتی ئەمریكا گۆڕاوە، كە بەهۆی ئەوەی ئەمریكا نایەوێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ وڵاتاندا پەنا بباتە بەرهێزی سەربازی، زیاتر پەنا بۆ شەڕی ئابوری دەبات وهەر وڵاتێك لەستراتیژ و پلانەكانی لابدات، سەرەتا لەڕێگەوە لاوازی دەكات.
تارا وتیشی: ئەكرێت ئەم گرژیانە بەشەری ساردی ئابوری نێوان هەردوو وڵات ناوببەین لەكاتێكدا توركیا ناتوانێت هیچ رێگریەك لەبەردەم بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا دروست بكات لەبەر ئەوەی توركیا تەنهایە و هاوكارو هاوپەیمانی ستراتیژی نییە.
بەرپرسەكەی ئینیستتیوتی ئەمریكی- كوردی روونیشیكردەوە: ئەگەر توركیا چارەسەری كێشەی قەشەكە و هەروەها دەستێوەردانەكانی سوریا و پەیوەندیەكانی لەگەڵ روسیا چارەسەرنەكات بێگومان ئەمريكا سزای گەورەتر بەسەر توركیا دەسەپێنێت وكاریگەری لەسەر ژێرخانی ئابوری دەبێت و بەهای دراوی لیرە زیاتر دادەبەزێت.
ئەو ئاماژەی بەوەش كرد، لەگەڵ ئەوەی توركیا خاوەنی ئابورییەكی گەورەیە و لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا گەشەكردنێكی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، بەتایبەتی كە سەرچاوەیەكی باشی بەرهەمهێنانی ئاسن و یۆرانیومە بۆ جیهان و ئابورییەكەشی تەنها یەك سەرچاوە نیە، بەڵكو جگەلە ئاسن و یۆرانیوم هاوكات كەرتی گەشتیاری و پیشەسازی گەشەی كردووە، بەڵام دەبێت ئەو راستییە لەبەرچاو بگیرێت كە لە ئێستادا هیچ ئابورییەك بەراورد ناكرێت بە ئابوری ئەمەریكا وە هیچ ئابورییەكیش سەد لەسەد جێگیرنیە و لەدەرەوەی مەترسی نیە.
تارا ئەوەشی باسكرد، ئەوەی ئەمریكا لە توركیا جیادەكاتەوە ئەوەیە كە ئەمریكا خاوەنی بەهێزترین ئابوری جیهانە و تەنها وڵاتە كە بەدامەزراوەی بازرگانی ناودەبرێت و خاوەنی دراوی دۆلارە كە كۆنترۆڵی تەواوی بازاڕەكانی جیهانی كردووە، جگەلە دۆلار و ژێرخانی ئابوری بەهێزی هەیە.
ئەو لەكۆتاییدا دەڵێت، ئەمەریكا خاوەنی نەوت و گەورەترین یەكەی سەربازی جیهانییە و پێشكەوتوترین تەكنۆلۆژیای سەربازی لەجیهاندا هەیە كە ئەوەش هێزێكی تری بەخشیوەتە ئابورییەكەی و لەڕێگەیەوە دەتوانێت گەورەترین وڵات لەرۆژهەڵاتی ناوەراست وتەنانەت ئەوروپاش دا ناچار بەجێبەجێكردنی پلان و ستراتیژەكانی بكات.