کۆبونەوەی ژوور و بەرپرسانی مەرزی باشماخ ئەنجامدرا


بۆ ئاگاداربون لەڕەوشی بازرگانی و گرفتەکانی بەردەم کاری بازرگانی لەدەروازەکانی ھەرێمی کوردستان کۆبونەوەی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی و قائیمقامێتی سلێمانی و مەرزی باشماخ بەڕێوەچوو.

بەئامادەبوونی ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی و سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و ئەنوەر ئەزوەر، بەڕێوەبەری مەرزی باشماخ و ژمارەیەک لەبەڕێووبەرانی لایەنە پەیوەندی دارەکانی سلێمانی و نوێنەری فەرمانگەکانی حکومەت کۆبونەوەیەک لەژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەڕێوەچوو.

سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەزازی ڕایگەیاند ”کۆبونەوەکەمان تایبەت بوو بەڕەوشی بازرگانی و ئەو بەرەو پێشچونانەی لەمەرزی باشماخ  بەدی دەکرێ تواندراوە کاری بازرگانان بەرەو پێش بڕوات و ئەو کاڵایانەی لەو دەروازەیەوە دێتە کوردستان زۆر بەخێرای مامەڵەیان بۆ دەکرێت و بەپێی مەرج و ڕێنماییە تەندروستیەکان ڕێگەی پێدەدرێت بێتە ناوەوە”.

ڕاشیگەیاند ”لەکۆبونەوەکەدا ھەموو ئەو پێشنیارانە خرانەڕوو کەدەبنە ھۆکارێک بۆ بەرەوپێشچونی زیاتری مەرزی پەروێزخان، وەھەموو بەڕێوەبەرایەتیەکان ھاوکاردەبن بۆھەر پشتیوانیەک کە لێیان داوا بکرێت و جێبەجێی دەکەن”.

لای خۆشیەوە ئەنوەر ئەزوەر بەڕێوەبەری مەرزی باشماخ ڕایگەیاند: ”ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەردەوام لەسەرخەتە لەگەڵمان بۆ بەرەوپێشبردنی کاری مەرزی باشماخ وە توانیومانە بە ھەردوولا کێشەکان چارەسەر بکەین و ھیچ گرفتێکی بازرگانی نەھێڵین”.

ڕاشیگەیاند :ئێمە ھەموو کارئاسانیەکمان کردووە بۆ بازرگانان ھەر بارێک کە پشکنینی تەواودەبێت و مەرجەکانی ھاتنەناوەوەی تێدابێت ڕێگری لێناکرێت و ڕێگەی چونەدەرەوەی پێدەدرێت بەمەش توانیومانە کارە بازرگانیەکان بەخێرای ڕایبکەین.

ئاوات محەمەد قائیمقایمی سلێمانی ھەموو پشتیوانیەکی خۆی بۆ ژووری بازرگانی و کاری  بازرگانان و مەرزی باشماخ ڕاگەیاند بۆ بەرەو پێشبردنی کارەکانیان و داوایکرد ھەموو بەڕێوەبەرایەتیەکان بەپێی یاسا ھاتنەناوەوەی کاڵاکان ڕێگەی پێبدرێت و ھەر مادەیەک گەر لەڕوی تەندروستیەوە گونجاو نەبوو ڕێگەی پێنەدرت بۆئەوەی ھاووڵاتیان زیانیان پێ نەگات.