عەبادی پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ تورکیا دووپاتکردەوە

سه‌ركۆماری توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان رایگەیاند “چاره‌نووسی توركیا و عێراق وه‌ك یه‌كه‌. ئاسایش و خۆشگوزه‌رانی و سه‌قامگیریی عێراق، ئاسایش و خۆشگوزه‌رانی و سه‌قامگیریی توركیایه‌”.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە بۆ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی رێکخرابوو، هەردوو سەرکردە جەختیان لەسەر دۆستایەتی و هاوکاری و هەماهەنگی یەکترکردەوە.

ئەردۆغان وتی: “بەکردنەوەی دووهەمین دەروازەی سنووری لەگەڵ عێراق و وڵاتەکەمان  سودمەند دەبێت. پێموایە لەوبارەیەوە هەنگاوی پێویست دەنێین”.

سه‌ركۆماری توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان وتیشی: “کێشە لە عێراق، کێشەی ئێمەشە. بۆ سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی عێراق، ئەوەی بکەوێتە سەر شانی ئێمە، ئامادەین”.

وەک هاوکارییەک بۆ سەرلە نوێ بونیادنانەوەی عێراق، سه‌ركۆماری توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان وتی: “ئاماده‌ی كاركردنین له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی نوێی (عێراق)دا كه‌ پێكده‌هێنرێت له‌ پێناو قووڵتركردنی په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆلییه‌كانمان، فراوانكردنی هاریكارییه‌كانمان له‌بواره‌ هه‌ستیاره‌كاندا به‌تایبه‌تی ئاسایش و ئابووریی”.

لە بەرامبەردا سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عه‌بادی رایگەیاند “له‌باره‌ی ئاسایشی سنووره‌كانه‌وه‌ هاوڕاین. نامانه‌وێت هیچ رێكخراوێك له‌سه‌ر خاكی عێراق جێی خۆی خۆش بكات و له‌ دژی ئه‌مه‌ین”.

عەبادی هەروەها پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ تورکیا دووپاتکردەوە و وتی: “لەبارەی پرسی دراو لە تورکیا لە پاڵ ئەو وڵاتەین، بۆ هەر رێکارێک کە تورکیا بیگرێتە بەر، ئامادەین پشتیوانی لێ بکەین”.