راوێژکاری ئابووریی کۆشکی سپی: هۆکاری دابەزینی لیرە دوورکەوتنەوەی تورکیایە لە بەها دیموکراتییەکان


راوێژکارێکی ئابووریی کۆشکی سپی (کۆشکی سەرۆکایەتیی تورکیا) هۆکاری دابەزینی بەهای لیرەی تورکی ئاشکرا دەکات.

کیڤن هاسیت، راوێژکاری ئابووریی کۆشکی سپی رایگەیاندووە، کاتێک دراوی وڵات %40ـی بەهاکەی لەدەست دەدا، ئەوە مانای وایە بەشێکی کاریگەری هێما ئابوورییەکان لەسەر رێڕەوی راستیی خۆیان، ناڕۆن.

کیڤن هاسیت هەروەها رایگەیاندووە، هۆکاری دابەزینی بەهای لیرەی تورکی ”دوورکەوتنەوەی حکوومەتی تورکیایە لە بەها دیموکراتییەکان و بنەماکانی لیبڕالیزم”.

رۆژی سێشەممە 14/8/2018، لە بازاڕی دراوەکان (بۆرسە)ی تورکیا، بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی گەیشتە 693 لیرەی تورکی، لە کاتێکدا لە سەرەتای ئەم هەفتەیە، بەهای 100 دۆلار گەیشتبووە 769 لیرە.

دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بەهۆی دروستبوونی کێشەیە لەنێوان ئەمریکا و تورکیا، کە زۆرتر بەهۆی قەشەیەکی ئەمریکییەوەیە.

کێشەکان زۆرتر بەهۆی دەستبەسەرکردنی قەشە ئەندرۆ برانسۆن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دروست بوون، کە حکوومەتی تورکیا بە سیخوڕیکردن بەسەر تورکیا و هاوکاریکردنی فەتحوڵڵا گیولەن، رێبەری بزووتنەوەی خزمەت، تۆمەتباری دەکات.

پێشتر دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بەهۆی ناکۆکییەکانییەوە لەگەڵ تورکیا، بڕیاری لادانی بەخشینی تورکیای لە رسووماتە گومرگییەکان دابوو، بەمەش زیانێکی گەورەی دارایی بە کەلوپەلی هەناردەی تورکیا بۆ ئەمریکا دەگات، کە زیانەکە دەگاتە نزیکەی یەک ملیار و 700 ملیۆن دۆلار.

قەشە ئەندرۆ برانسۆن، کە قەشەیەکی ئەمریکییە و لە تورکیا دەژی، نزیکەی دوو ساڵە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی گرووپی فەتحوڵڵا گیولەن، لە ماڵەکەی خۆی لە شاری ئیزمیر لە تورکیا، دەستبەسەر کراوە.

حکوومەتی تورکیا فەتحوڵڵا گیولەن بە پیلاندانان بۆ کودەتا شکستخواردووەکەی بەشێک لە فەرماندەکانی سوپای تورکیا لە تەمموزی 2016 تۆمەتبار دەکات و داوا لە ئەمریکا دەکات بینێرێتەوە تورکیا، کە ئێستا لە ویلایەتی پەنسلڤانیا دادەنیشێت.