بەهۆی پێناسەی نوێی گومرگیەوە کۆمپانیاکانی عێراق ناچارن كرێكارەكانیان دەربكەن

بەشێك لەكرێكاران‌و خاوەن كۆمپانیاكانی شاری بەغدا دژی بریاری جێبەجێكردنی یاسای نوێی پێناسەی گومرگی كۆبوونەوەو داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەیان كرد، چونكە بۆتە هۆی زیادكردنی باج‌و روسوماتی گومرگی لەسەر ئەو كاڵاو شمەكانەی لەدەرەوە هاوردە دەكرێن، جگە لەوەش ئەو یاسا نوێیە وایكردووە بەشێك لەكۆمپانیاكان كارەكانیان رابگرن‌و كرێكارەكانیان دەربكەن.
بەگوێرەی یاسایی نوێی پێناسەی  گومرگی باج لەسەدا سەد لەسەر ئەو کاڵایانە زیادی کردوە کە هاوردە دەکرێت، بەمەش کەرتی تایبەت توشی کێشە و گرفتی گەورە بووە کۆمپانیاکان ناچار بوون کرێکارەکانیان دەربکەن نزیکەی سێ هەزار کرێکار لە کۆمپانیاکان دەرکراون.

خاوەن کۆمپانیاکانی شاری بەغدا دەڵێن ”بەجێبەجێکردنی  یاسای نوێی پێناسەی گومرگی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت وێران دەبن، بەراستی سەیرە راوێژکارانی ئابووری حکومەتی عێراق یاسایەکی لەو شێوەیەیان ئامادەکردوە، ئێمە دڵنیان راوێژکارانی ئابووری حکومەت بێ لێ کۆڵینەوە لە رەوشی ئابووری عێراق یاساکەیان ئامادەکردوە”.

خاوەن کۆمپانیاکانی شاری بەغدا ئاماژە بەوە دەکەن ”ئێمە هیچ ژێرخانێکی ئابووری بەهێزمان نیە بۆیە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو بریارە دەکەین”.