جێگری یەکەمی سەرۆکوەزیرانی و وەزیری دارایی رووسیا، ئەنتۆن سیلوانۆڤ رایگەیاند کە، وڵاتەکەی مامەڵە بازرگانییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە بە دۆلار کەم دەکاتەوە و زیاتر پشت بە دراوی دیکە دەبەستێت.
لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی “رووسیای یەک” ئەنتۆن سیلوانۆڤ رایگەیاند کە، ھۆکاری سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر رووسیا، ئەو ئاراستەیە کە رووسیا دەوێت مامەڵە بازرگانییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە بە دۆلار کەم بکاتەوە و ئاماژەی بەوەشدا کە دۆلار بووەتە دراوێکی مەترسیدار لە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان.
وەزیری دارایی رووسیا ئەوەشی خستەڕوو کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە کەمکردنەوەی وەبەرھێنان لە سەنەدەکانی گەنجینەی ئەمریکا، بۆ بازرگانی نەوت لە بری دۆلار پەنا بۆ دراوەکانی ناوخۆی دەبات.
ناوبراو وای لەقەڵەمداوە، ئەو سزایانەی کە واشنتۆن بەسەر رووسیادا سەپاندوویەتی بە خراپی بەسەر ئەمریکییەکان دەشکێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ شەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکۆماری ئاشکرای کردبوو کە دراوی ناوخۆی بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی وەک چین، رووسیا، ئێران و ئۆکراینا بەکار دەھێنن.