له‌شۆشمێ‌ (54) تۆن خوێ ده‌ستی به‌سه‌رداگیرا

له‌لایه‌ن لیژنه‌ی‌ چاودێری‌ بازرگانییه‌وه‌، له‌مه‌رزی‌ (شۆشمێ‌)ی‌ ناوچه‌ی‌ هه‌ورامان، توانرا ده‌ستبگیرێت به‌سه‌ر (54) تۆن خوێدا، كه‌ نه‌گونجاوه‌ بۆ خواردن.
(نوخشه‌ ناسیح) به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌ی‌ بیاره‌ به‌ NNA ڕاگه‌یاندوە، ماوه‌یه‌كه‌ له‌مه‌رزی‌ (شۆشمێ)وه‌ ده‌ستكراوه‌ به‌هێنانی‌ خوێ‌ له‌كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێرانه‌وه‌، وتیشی‌:”به‌ڵام به‌هۆی‌ نه‌بوونی‌ كوالێتی‌ كۆنترۆڵ له‌مه‌رزه‌كه‌دا، داوامان له‌بازرگانه‌كان كردووه‌، خۆراك‌و خوێی‌ دیكه‌ هاورده‌ نه‌كه‌ن، تاوه‌كو به‌شێك له‌نمونه‌كانیان ده‌نێردرێت بۆ پشكنین”.
نوخشه‌ ناسیح باسی‌ له‌وه‌شكرد، به‌هۆی‌ نه‌بوونی‌ كوالێتی‌ كۆنترۆڵه‌وه‌،دوێنێ‌ له‌مه‌رزی‌ شۆشمێ‌ ده‌ستگیراوه‌ به‌سه‌ر (54) تۆن خوێدا، له‌پشكنینیشدا ده‌رنه‌چوو، بۆیه‌ ئه‌وان داوایان له‌و بازرگانانه‌ كردووه‌، ئه‌و بڕه‌ خوێیه‌ بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران.
به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌ی‌ بیاره‌ هێمای‌ به‌وه‌شكرد، ئه‌گه‌ربێت‌و بازرگانه‌كان ئه‌و بڕه‌ خوێیه‌ نه‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ ئێران، ئه‌وا به‌شێوه‌یه‌كی‌ یه‌كجاری‌ هاورده‌كردنی‌ خوێ‌ له‌مه‌رزه‌كه‌یانه‌وه‌ بۆ هه‌رێم ڕاده‌گرن، ئه‌و خوێیه‌ش كه‌ ده‌ستی‌ به‌سه‌رداگیراوه‌، له‌ڕێگه‌ی‌ ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ له‌ناوده‌رێت.