وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند کە ئیدارەی مۆسکۆ ئامادەیە چەند جۆرێک ڤیزا لەسەر ھاووڵاتییانی تورکیا ھەڵبگرێت.
بەپێی ئەو راگەیندراوە نووسراوەی لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بڵاوکراوەتەوە، ھەڵسەنگاندن بۆ سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ لە چوارچێوەی ١٠ەمین کۆنفرانسی باڵیۆزەکان لە شاری ئەنقەرە لە ١٣-١٤ی ئاب کرا.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات بە شێوەیەکی رێکخرا و متمانەپێکراو بەردەوامە.
لە راگەیەنراوەکەدا ھاتووە: “لە پاڵ کۆبوونەوەی بەپرسانی ھەواڵگریی و بەرگری ھەردوو وڵات، لە کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ و وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو تاوتوێی بەستنی ئاگربەستی سووریا و چارەسەکردنی قەیرانی ئەو وڵاتە دەکرێ”.
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە یەکێک لەو ماددە سەرەکیانەی لە کۆبوونەوەکەی تورکیای لاڤرۆڤ و چاوشئۆغڵو تاوتوێ دەکرێن چارەسەری قەیرانی سووریا دەبێت و، ھاتووە “لە کۆبوونەوەکەدا بەشێوەیەکی فراوان راوێژدەکرێت لەبارەی بابەتە ھەرێمیەکان بەتایبەتی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، باکووری ئەفریقا، باشووری قەوقاز، ئۆکرانیا و ناوچەی دەریای رەش”.
ھاوکات لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە لە سەردانەکەی لاڤرۆڤدا بۆ تورکیا باس لە پەیوەندیە ئابوورییەکانی نێوان تورکیا و رووسیا دەکرێت. ھەروەھا ھاتووە “بەخۆشحاڵیەکی زۆرەوە پێشوازی لە زیادبوونی قەبارەی بازرگانی نێوانمان دەکەین. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پرۆژە گرنگەکانی وەک وێستگەی ئەتۆمی ئاکویو و تەوژمی تورک دەکرێت. لەو سەردانەدا ئاسانکاری بۆ گەشتی ھاووڵاتیانی ھەردوو وڵات لەنێو ئەو بابەتانەدا دەبن کە راوێژ لەبارەیانەوە دەکرێت”.