دوای کشانەوەی کۆمپانیای تۆتاڵی فەڕەنسی لە ئێران، کۆمپانیایەکی چینی لە جێی دەستبەکاردەبێت.
ئاژانسی ھەواڵی رەسمیی ئێران لەوبارەیەوە رایگەیاندووە: کۆمپانیای نیشتیمانیی نەوتی چین (CNPC) پشکی کۆمپانیای تۆتاڵی فەڕەنسی لە پڕۆژەی کیڵگەی گازی فارس لە باشووری ئێران وەردەگرێت.
ساڵی رابردوو ئێران و کۆمپانیای تۆتاڵی فەڕەنسی و کۆمپانیایەکی چینی گەورەترین گرێبەستیان لەدوای رێککەوتنە ئەتۆمەیەکە ئیمزاکرد.
گرێبەستەکە تایبەتە بە پەرەپێدانی کێڵگە گازیەکانی پارس لە باشووری ئەو وڵاتە، بەڵام بەھۆی مەترسیی سەپاندنی سزا بەسەریاندا لەلایەن ئەمریکاوە ئەو کۆمپانیایە لە ئێران کشایەوە.
پڕۆژەی گەشەپێدانی ئەو کێڵگە گازیەی باشووری ئێران بڕەکەی بە یەک ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت و تا ئێستا ئەو کۆمپانیا فەڕەنسیە، ٤٧ ملیۆن دۆلاری لەو پڕۆژەیەدا خەرج کردووە.