زانکۆیەکی دیکە لە سلێمانی دەکرێتەوە


زانکۆیەکی ئەھلی لەشاری سلێمانی بەردی بناغەی دادەندرێت، سەر بەزانکۆیەکی مالیزی دەبێت.

بەئامادەبونی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پارێزگاری سلێمانی و سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و ژمارەیەک لەبەرپرسانی شاری سلێمانی و حکومەتی ھەرێم بەردی بناغەی زانکۆیەک لەشاری سلێمانی داندرا.

فاخر تەیب حەسەن، سەرۆکی ئەنجومەنی زانکۆی قیوان ڕایگەیاند “ماوەی دووساڵە ئێمە سەرقاڵن بۆ کردنەوەی زانکۆی قەیوان تەکنەلۆجی مالیزی Utm کە وە ئێمە ھەوڵی تەواومانداوە بۆ پێشخستنی کەرتی زانکۆ و پیمانگاکان لە کوردستاندا”.

وتیشی “ھەوڵدەدەین ئەم زانکۆیەوە ببێتە دەروازەیەک بۆ گواستنەوەی زانست و تەکنەلۆژیا لە دنیاوە بۆ کوردستان تابتوانن بەشداربن لەو داھێنانەی کە دەکرێت”.

ئاماژەی بەوەشدا لەم زانکۆیەدا ھەرزانترین نرخ بۆ فێرخوازان دادەندرێت تا ھەموان بتوانن بەشداربن لە خوێندن.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لەکاتی دانانی بەردی بناغەی زانکۆکەدا وتی ” خواستی ئێمە ئەوەیە پێداویستی بازاڕ و پسپۆڕی کۆلێژەکان یەکانگیر بکەین ،ھەر لەبەر ئەوە زانکۆکان سەرپشککراون لە دروستکردنی بەشی نوێ و سڕکردنی ھەر بەشێک کە پێویست نەبێت”

وتیشی “زانکۆکانمان نابێت تەنھا شوێنی لێکۆڵینەوە و شوێنی مەعریفەبن کە کادر بۆ بازاڕ ئامادە بکەن بەڵکو دەبێت پەروەردەیان بکەن بۆ دەستپێشخەری داھێنەرانە بۆدروستکردنی ھەلی کار بۆ خۆیان و بۆ خەڵکی تریش ئەمەش ڕۆڵی باشی دەبێت بۆ پێشخستنی ئابوری ووڵات”.

دکتۆر سەلام خۆشناو، بریکاری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەووی زانستی عێراق ڕایگەیاند “لەعێراقدا زانکۆ ئەھلیەکان شوێندەستیان دیارە و توانیویانە بەشێوازێکی باش پێشکەوتن بە فێرخوازان بدەن”.

ئاماژەی بەوەشدا ” ٥٠ زانکۆی کەرتی تایبەت ھەیە لە عێراق بەردەوامیش لەزیادبوندایە”.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: کردنەوەی ئەم زانکۆیە گرنگی باشی دەبێت بۆ شاری سلێمانی وە فێرخوازان دەتوانن لەم ڕێگەیەوە ئاشنابن بە پێشکەوتنەکانی جیھانی بتوانن داھێنان بکەن و گەنجان و لاوان توانای داھێنانیان ھەبێت.

زانکۆی قەیوان -تەکنەلۆجی مالیزی لەشاری سلێمانی تایبەتدەبێت بەشێوازی خوێندنی مالیزی لە کوردستان لەڕێگەی ئەو زانکۆیەوە.