عەلی قەرەداغی: دۆعا بۆ بەهێزبونەوەی ئابووری تورکیا دەکات


زانایەکی ئاینیی کورد پێی وایە بە پشتیوانیی خودا ئابووریی تورکیا بەهێزدەبێتەوە و بەهای دراوی ئەو وڵاتەش بەرز دەبێتەوە.

عەلی قەرەداغی، زانای ئیسلامیی کورد و ئەمینداری گشتیی یەکێتیی زانایانی موسڵمانی جیهان لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) داوا دەکات ”بە عەقڵ” سەیری دابەزینی لیرە تورکی بکرێت و بزانرێ کێن ئەو لایەنانەی دڵیان بەو دابەزینە خۆشە.

عەلی قەرەداغی، کە سەر بە رەوتی ئیخوان موسلیمینی جیهانییە و بەردەوام بەرگریی لە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتداری تورکیا، کە پارتێکی سەر بە رەوتی ئیخوانە، دەکات، پێی وایە تەنیا ”ئەمریکا، ئیسرائیل و ژمارەیەک دەوڵەتی عەرەبی، کە لە بازنەی ئەمریکا و زایۆنیزم دەسووڕێنەوە”، بە تێکچوونی ئابووریی تورکیا و دابەزینی بەهای لیرە، خۆشحاڵن.

ئەو زانا ئیسلامییە دڵنیایی خۆی لە بەهێزبوونەوەی ئابووریی تورکیا و ”لەناوچوونی هیوا”ی ئەمریکا، ئیسرائیل و ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی بە رووخاندنی ئابووریی تورکیا نیشان داوە و رایگەیاندووە ”بە پشتیوانیی خودا ئابووریی تورکیا بەهێزتر دەبێتەوە”.

هەفتەی رابردوو بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر 545 لیرەی تورکی بوو، بەڵام لە کۆتایی مامەڵەی فەرمیی دراوەکان (ئێوارەی رۆژی هەینی 10/8/2018)، بەهای 100 دۆلار گەیشتە 640 لیرە.

دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بەهۆی دروستبوونی کێشەیە لەنێوان ئەمریکا و تورکیا، کە زۆرتر بەهۆی قەشەیەکی ئەمریکییەوەیە.

کێشەکان زۆرتر بەهۆی دەستبەسەرکردنی قەشە ئەندرۆ برانسۆن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دروست بوون، کە حکوومەتی تورکیا بە سیخوڕیکردن بەسەر تورکیا و هاوکاریکردنی فەتحوڵڵا گیولەن، رێبەری بزووتنەوەی خزمەت، تۆمەتباری دەکات.

پێشتر دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بەهۆی ناکۆکییەکانییەوە لەگەڵ تورکیا، بڕیاری لادانی بەخشینی تورکیای لە رسووماتە گومرگییەکان دابوو، بەمەش زیانێکی گەورەی دارایی بە کەلوپەلی هەناردەی تورکیا بۆ ئەمریکا دەگات، کە زیانەکە دەگاتە نزیکەی یەک ملیار و 700 ملیۆن دۆلار.

قەشە ئەندرۆ برانسۆن، کە قەشەیەکی ئەمریکییە و لە تورکیا دەژی، نزیکەی دوو ساڵە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی گرووپی فەتحوڵڵا گیولەن، لە ماڵەکەی خۆی لە شاری ئیزمیر لە تورکیا، دەستبەسەر کراوە.