بەهای دراوی ئێرانی و تورکی بەردەوامە لە دابەزین


بەهای دراوی هەردوو وڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆماری تورکیا بەردەوامە لە دابەزین.

هەفتەی رابردوو بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر 545 لیرەی تورکی بوو، بەڵام لە کۆتایی مامەڵەی فەرمیی دراوەکان (ئێوارەی رۆژی هەینی 10/8/2018)، بەهای 100 دۆلار گەیشتە 640 لیرە.

هەروەها هەفتەی رابردوو بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر 890 هەزار تومەنی ئێرانی بوو، بەڵام لە کۆتاییمامەڵە فەرمییەکانی دراو، بەهای تومەنی ئێرانی دابەزی بۆ یەک ملیۆن و 70 هەزار بەرامبەر 100 دۆلار.

دابەزینی بەهای تومەن بەهۆی ئەو زیانانەیە، کە ئەمریکا بەسەر ئەو وڵاتەیدا سەپاندووە و هەڕەشەش لەو وڵات و لایەنانە دەکات، کە مامەڵەی بازرگانی لەگەل ئێران بکەن.

هەروەها دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بەهۆی دروستبوونی کێشەیە لەنێوان ئەمریکا و تورکیا، کە زۆرتر بەهۆی قەشەیەکی ئەمریکییەوەیە.

کێشەکان زۆرتر بەهۆی دەستبەسەرکردنی قەشە ئەندرۆ برانسۆن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دروست بوون، کە حکوومەتی تورکیا بە سیخوڕیکردن بەسەر تورکیا و هاوکاریکردنی فەتحوڵڵا گیولەن، رێبەری بزووتنەوەی خزمەت، تۆمەتباری دەکات.

پێشتر دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بەهۆی ناکۆکییەکانییەوە لەگەڵ تورکیا، بڕیاری لادانی بەخشینی تورکیای لە رسووماتە گومرگییەکان دابوو، بەمەش زیانێکی گەورەی دارایی بە کەلوپەلی هەناردەی تورکیا بۆ ئەمریکا دەگات، کە زیانەکە دەگاتە نزیکەی یەک ملیار و 700 ملیۆن دۆلار.

قەشە ئەندرۆ برانسۆن، کە قەشەیەکی ئەمریکییە و لە تورکیا دەژی، نزیکەی دوو ساڵە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی گرووپی فەتحوڵڵا گیولەن، لە ماڵەکەی خۆی لە شاری ئیزمیر لە تورکیا، دەستبەسەر کراوە.

حکوومەتی تورکیا فەتحوڵڵا گیولەن بە پیلاندانان بۆ کودەتا شکستخواردووەکەی بەشێک لە فەرماندەکانی سوپای تورکیا لە تەمموزی 2016 تۆمەتبار دەکات و داوا لە ئەمریکا دەکات بینێرێتەوە تورکیا، کە ئێستا لە ویلایەتی پەنسلڤانیا دادەنیشێت.