پاڵاوگەی بازیان رۆژانە یەك ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەمدێنێت

لەئێستادا لە%90ی پاڵاوگەی بازیان كارەكانی تەواو بووەو چاوەڕوان دەكرێت لە دوومانگی داهاتوودا ئەو پاڵەوگەیە بتوانێت رۆژانە یەك ملیۆن لیتر بەنزینی ئۆكتان بەرز (محەسەن) بپاڵێوێت و رەوانەی بازارەكانی بكات.
بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی سەردانی پاڵاوگەی بازیانی كردو رایگەیاند “بوونی پاڵاوگە پێویستیەكی نیشتیمانی گرنگە بۆ ئەمڕۆی كوردستان و بنەمای سەرەكی ئاسایشی وزەی هەرێمە”.
بەوتەی ئەندازیارانی پاڵاوگەكە لەئێستادا ئەو پاڵاوگەیە رۆژانە 34 هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت و بەرهەمەكانیشی بریتین لە نەوتی سپی و نەوتی رەش و گازوایل و نەفت. یەكەی سێیەمی پاڵاوگەكەش كە تایبەتە بە پاڵاوتنی بەنزین لەئێستادا لە90%ی كارەكانی تەواو بووەو لە دوومانگی داهاتوودا دەكەوێتەكار و رۆژانە یەك ملیۆن لیتر بەنزین بە ئۆكتانی (92%) كە بەبەنزینی (محەسەن) ناسراوە دەپاڵێوێت بەمەش بەشێكی زۆری پێداویستیەكانی پارێزگای سلێمانی لە بەنزین دابین دەكات.
هاوكات یەكەیەكی تر لەهەمان پاڵاوگە لەقۆناغی دیزایندایە كە تواناكەی دوو بەرامبەری ئەو یەكەیە كە بریارە لە دوو مانگی ئایندەدا بكەوێتە كار.