ئەمڕۆ هەینی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی كرد ئەو زێڕ و دۆلارەی هەیانە بیگۆڕنەوە بەلیرە، ئەوەش لەكاتێكدایە كە بەهای لیرەی توركی لە بەرامبەر دۆلاردا دابەزینی زیاتری تۆماركرد دوای بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا بۆ زیادكردنی دووهێندە باج لەسەر كانزای هاوردەی توركیا بۆ ناو ئەمەریكا.
دابەزینی بەهای لیرەی توركی بەهۆی نیگەرانیەكانەوەیە سەبارەت بەزیادبوونی هەژمونی ئەردۆغان بەسەر سیاسەتی دارایی توركیادا و خراپتربوونی پەیوەندیەكانی نێوان ئەمەریكا و توركیا، ئەمڕۆ هەینی لیرەی توركی لەسەدا 18 ی بەهاكەی لە دەستداو بەوەش لەدەستدانی بەهای لیرەی توركی لەمساڵدا بۆ زیاتر لەسەدا 40 بەرزبووەوە دوای ئەوەی ترەمپ چەند هەنگاوێكی گرتەبەر بۆ سزادانی توركیا.
ترەمپ رایگەیاند، فەرمانیكردووە بەزیادكردنی باج لەسەر هەناردەی توركیا بۆ ناو ئەمەریكا، بەسەپاندنی لەسەدا 20 باج لەسەر ئەلەمنیۆم و لەسەدا 50 باج لەسەر ستیل.
ترەمپ لە تویتێكدا وتیشی، ئەو بڕیارە “بەخێرایی بەهایی لیرەی توركیا لە بەرامبەر دۆلار بەهێزەكەماندا دادەبەزێنێت”.
ترەمپ هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، “لەم كاتەدا پەیوەندیەكانمان لەگەڵ توركیا باش نین”.
بەهۆی دەستگیركردنی قەشە ئاندرو برونسن، لەلایەن حكومەتی توركیاوە پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە گرژی زۆری تێكەوتووە، هەر بۆ هەمان مەبەست، ئەم هەفتەیە شاندێكی حكومەتی توركیا سەردانی واشنتنی كردو لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆبووەوە، بەڵام هیچ ئاماژەیەك نەبوو كە وتوێژەكانی ئەو شاندە ئەنجامێكی پۆزەتیڤی هەبووبێت.
لە وتارێكی جەماروەریدا لە شاری بایبورت لەباكوری رۆژهەڵاتی توركیا ئەردۆغان وتی، “ئەگەر هەركەسێك دۆلار و زێری هەیە لەژێر سەرینەكاندا، پێویستە بڕوات لە بانك بیگۆڕێتەوە بەلیرە، ئەوە شەڕێكی نیشتمانییە.”
ئەردۆغان وتیشی، “ئەوە وەڵامی گەلی من دەبێت بۆ ئەوانەی شەڕی ئابوریان لە دژی ئێمە هەڵگیرساندووە.”
بەڵام پێناچێت ئەم وتانەی ئەردۆغان لە نیگەرانیەكانی وەبەرهێنەران كەمبكەنەوە كە بەهۆی توندبوونەوەی ناكۆكیەكانی نێوان ئەمەریكا و توركیاوە دروست بوون.