وەزارەتی دارایی: پارە بۆ پێداویستییەکانی پارێزگای سلێمانی تەرخان دەکەین

وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند، پارە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی پارێزگای سلێمانی تەرخان دەکەن لەگەڵ دابینکردنی پارە بۆ دوو پڕۆژەی بواری کارەبا و نیشتەجێبوون.

وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە  ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا وەزیری دارایی لەگەڵ پارێزگای سلێمانی دیداری ئەنجامدا بە هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی وتووە” پێداویستییەکانی کاروباری ڕۆژانەی فەرمانگەکانی پارێزگاکە بە لیستێک بنێرە تاوەکو پارەکە خەرج بکەین”.

 ئەوەشی ڕاگەیاند، لە ئێستادا وەزارەتی دارایی چاوەڕێی لیستی پێداویستیەکانی پارێزگای سلێمانیە هەتا پارەکە دابین بکات.

ئەوەشی خستەڕوو، هەر لەدیدارەکەدا وەزیری دارایی بڕیاریدا پارە بۆ دوو پرۆژەی نیشتەجێوونی کە تایبەتە بە کەمدەرامەتەکان لە شارەکەدا تەرخان بکات کە لە ئێستادا پرۆژەکە کارەکانی تێدا ڕاگیراوە.

 وتیشی، وەزارەتی دارایی بۆ چاکسازی کارەبای سلێمانی دوو ملیار دیناری تەرخانکردووە.