پارێزگارى سلێمانى ڕایگەیاند، سلێمانى ئەوروپایەکە لە ناوچەکەدا و هەمیشە حەزى لە کرانەوە کردووە و چاوى لە ئایندە و شتى نوێیە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر لەمیانى بەشداریکردنى لە مەراسیمێکى ڕێزلێنان بۆ پارێزگارى سلێمانى و ١٥ کەسایەتى دیکەى پارێزگاکە ئاماژەی بەوەش کرد، پارێزگاى سلێمانى هەر لە سەرەتاوە لەسەر بنەماى پیشەسازى و بازرگانى و گەشتوگوزاریی و تێکەڵاوبوونى کلتورى و فەرهەنگى بونیادنراوە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر وتیشى، دەبێت کەرتى گەشتوگوزارى سلێمانى و سەرجەم کەرتەکانى ترى پەرەی پێبدرێت و دامودەزگاى گەشتوگوزارییان هەبێت و وابکەن دوکان و مۆڵ و بازاڕ و ئۆتێلەکانیان لە ئاستی پێویستدابن.
ئەم وتەی پارێزگاری سلێمانی لەکاتێکدایە ماوەى سێ ساڵە بەهۆی قەیرانى داراییەوە پرۆژەى گەورە لە سلێمانى جێبەجێنەکراوە و بەشێکى زۆری پرۆژەکانى تریش لە کار وەستاون و هاوڵاتیان ناڕەزایی لە بەرامبەر خزمەتگوزارییەکانى ئاو و کارەبا دەردەبڕن.