ئەمرۆ پێنج شەممە جارێكی دیكە بەهای یەك دۆلاری ئەمریكی لەبازاڕەكانی ئێراندا 10 هەزار تمەنی تێپەڕاند. ئەوەش لەكاتێكدایە كە تەنیا چەند رۆژێكی كەم بەسەر راگەیاندنی سیاسەتی نوێی دراودا لەلایەن حكومەتەكەی حەسەن رۆحانی-یەوە، تێپەڕیوە.
لەچەند رۆژی رابردودا بەهۆی گرتنەبەری سیاسەتی نوێی دراو لەلایەن حكومەتی ئێرانەوە، بەهای یەك دۆلاری ئەمریكی تا سنوری 8 هەزار تمەن دابەزی بو.
بەڵام بەگوێرەی میدیا ئابورییەكانی ئێران لەئێستادا نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن لەهەڵبەزو دابەزێكی خێرادایە و سەرلەبەیانی ئەمڕۆش نرخی یەك دۆلاری ئەمریكی لەبازاڕەكانی ئێراندا گەیشتۆتە 10 هەزار و 500 تمەن.
حكومەتەكەی حەسەن رۆحانی لەناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا بە ئامانجی روبەڕوبونەوەی بەرزبونەوەی بەهای دراوە بیانییەكان، سیاسەتێكی نوێی دراوی راگەیاند.
كۆڵەكەی سەرەكی سیاسەتە نوێكەی دراو، كردنەوەی بازاڕێكی لاوەكی دراو بو لە ئێران.
هەر بەپێی میدیاكانی ئێران سەرلەبەیانی ئەمڕۆ(پێنجشەممە) بەهای یەك یۆرۆی ئەوروپی گەیشتۆتە 12 هەزار و 300 تمەنی ئێرانی.