ئه‌مریكییه‌كان هیچ پرۆژه‌یه‌كیان له‌عێراقدا ئه‌نجامنه‌داوه‌

به‌گوێره‌ی‌ دوایین ڕاپۆرتی‌ پشكنه‌ری‌ گشتی‌ بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ عێراق له‌سوپای‌ ئه‌مریكا، له‌دوای‌ ساڵی‌ (2003)وه‌ تا كاتی‌ كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌عێراق، له‌گه‌ڵ‌ خه‌رجكردنی‌ زیاتر له‌ (60) ملیار دۆلاردا، ئه‌مریكا هیچ جۆره‌ پرۆژه‌یه‌كی‌ له‌عێراقدا ئه‌نجامنه‌داوه‌.
ماڵپه‌ڕی‌ (ئیلاف) بڵاویكرده‌وه‌، (ستیوارت باون) پشكنه‌ری‌ گشتی‌ بۆ ئاوادانكردنه‌وه‌ی‌ عێراق له‌سوپای‌ ئه‌مریكا له‌دوایین ڕاپۆرتیدا ده‌رباره‌ی‌ پرۆژه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، له‌دوای‌ ساڵی‌ (2003)وه‌ تا كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌عێراق، ئه‌مریكا هیچ  پرۆژه‌یه‌كی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌‌و خزمه‌تگوزاری‌‌و وه‌به‌رهێنانی‌ ئه‌نجامنه‌داوه‌، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا ئه‌مریكا باس له‌خه‌رجكردنی‌ زیاتر له‌ (60) ملیار دۆلار ده‌كات له‌عێراقدا.
به‌گوێره‌ی‌ ڕاپۆرته‌كه‌ی‌ (ستیوارت باون)، خه‌رجكردنی‌ ئه‌و پاره‌ زۆر به‌بێ‌ ئه‌نجامدانی‌ هیچ پرۆژه‌یه‌ك له‌عێراقدا، ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ كارگێڕی‌‌و داراییه‌وه‌.
هاوكات (عه‌دنان ئه‌سه‌دی‌) بریكاری‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ عێراق له‌میانی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ (ستیوارت باون) پشكنه‌ری‌ گشتی‌ ئاوادانكردنه‌وه‌ی‌ عێراق جه‌ختی‌ له‌وه‌كردووه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ‌ خه‌رجكردنی‌ بڕێكی‌ زۆر پاره‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ له‌عێراقدا، به‌ڵام هیچ جۆره‌ پرۆژه‌یه‌كی‌ له‌عێراقدا ئه‌نجامنه‌داوه‌.