بۆ یه‌که‌مجار ژنێک له‌ سۆماڵ ده‌بێته‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌

سه‌رۆک وه‌زیرانی سۆماڵ پێکهاته‌ی نوێی بچوککراوه‌ی حکومه‌ته‌که‌ی ئاشکراکرد که‌ له‌ 10 وه‌زیر پێکدێت و دوو وه‌زیری ژنیش له‌خۆده‌گرێت و له‌نێوانیاندا بۆ یه‌که‌مجار له‌ مێژووی ئه‌و وڵاته‌ ژنێک پۆستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ وه‌رده‌گرێت.
وه‌زیره‌ ژنه‌که‌ش ناوی (فه‌وزیه‌ یوسف حاجی عه‌ده‌ن) ه‌و بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر له‌ به‌ریتانیا ژیانی به‌سه‌ربردووه‌، له‌ کۆنفرانسێکی ڕۆژنامه‌وانیشدا دانانی له‌و پۆسته‌دا به‌هه‌نگاوێکی مێژووی بۆ سۆماڵ به‌شێوه‌یه‌کی گشتی و ژنانی ئه‌و وڵاته‌ش به‌ شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت له‌قه‌ڵه‌مداو ڕایگه‌یاند، که‌ له‌مه‌ودوا لاپه‌ڕه‌یه‌کی سیاسی نوێ له‌و وڵاته‌ هه‌ڵده‌درێته‌وه‌.
هه‌روه‌ها وه‌زیره‌ ژنه‌که‌ی تر (مه‌ریه‌م قاسم ئه‌حمه‌د)ه‌، که‌ پۆستی گه‌شه‌پێدان و کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی پێسپێردراوه‌و له‌حکومه‌تی پێشوتریشدا پۆستی وه‌زاره‌تی ژنانی پێسپێردرابوو.
ئه‌وه‌ له‌ کاتێکدایه‌ ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌کان به‌تایبه‌تی (بزووتنه‌وه‌ی گه‌نجانی شۆڕشگێڕ) ئه‌و پرۆسه‌ سیاسیه‌ نوێیه‌ به‌توندی ڕه‌تده‌که‌نه‌وه‌، که‌ له‌ساڵی 2011 دا له‌ شاری مه‌قادیشۆ پایته‌ختی سۆماڵ ده‌رکران و زۆرێک له‌ پێگه‌ سه‌ره‌کییه‌کانیان له‌ناوه‌ڕاست و باشوری ئه‌و وڵاته‌ له‌ده‌ستدا.