ورتەزا عەبادی سەركونسوڵی ئێران لە هەولێر دەڵێت: گەمارۆ ئابووریەكانی ئەمریكا كار لە پەیوەندیەكانی هەرێمی كوردستانو ئێران ناكاتو ئاڵوگۆڕە بازرگانیەكان بەردەوام دەبن.
هەرچەندە سزاكانی ئەمریكا رێگە لەوڵاتانی جیهان دەگرێت پەیوەندی بازرگانیان لەگەڵ ئێران هەبێت، بەڵام سەركونسوڵی ئێران لە هەولێر دەڵێت: پەیوەندییە بازرگانیەكانی نێوان هەرێمو تاران بەردەوام دەبنو ئەمساڵیش بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئێران لەگەڵ عێراق بەڕێژەی لە سەدا 20 تا 25 بەرزبۆتەوە، پشكی هەرێمیش لەم بەرزبوونەوەدا بەرچاوە.
مورتەزا عەبادی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی جام كوردی رایگەیاند: وێڕای سەپاندنی گەمارۆ نایاساییەكان، بەڵام عیراقیەكان گرنگی بە بەرژەوەندیەكانی خۆیان دەدەنو خاڵە سنوریەكانیش ئەو دەرفەتەی بۆ هەردوولا ڕەخساندوە كە هەوڵی گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابووریو بازرگانییەكانی نێوانیان بدەن.
وتیشی: پێویستە سوود لە سەرجەم خاڵە سنورییەكان وەربگیرێت، هەرێمی كوردستانیش بۆ گەشەپێدانی بواری بازرگانی لە هەر سێ ڕێگەی هەناردەو هاوردەو ترانزێتەوە ئامادەیی هەیە، لەم ڕووەشەوە بە پێویستی دەزانین كاركۆی خاڵە سنورییەكان بەردەوام ڕوو لە هەڵكشان بكات، ئەم خاڵەشم لەگەڵ بەرپرسانی ئێران باس كردووەو چاوەڕوان دەكەین ئاڵوگۆڕە بازرگانیەكان بەرزبوونەوەی زیاتر بە خۆیانەوە ببینن.