حكوومه‌تی هۆڵه‌ندا هه‌لی كار بۆ گه‌نجانی عێراقی دەرەخسێنێت


حكوومه‌تی هۆڵه‌ندا به‌ ڕێككه‌وتنێكی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ به‌شی كۆچبه‌رانی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، بڕی 3.5 ملیۆن دۆلار ته‌رخان ده‌كات بۆ به‌ره‌وپێشبردنی گه‌نجانی عێراقی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان، به‌مه‌به‌ستی ڕه‌خساندنی هه‌لی كار و كردنه‌وه‌ی خول و پشتگیریی كاری گه‌نجان.

پێگه‌ی reliefweb بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، هۆڵه‌ندا به‌مه‌به‌ستی به‌شداریی گه‌نجان له‌ به‌ره‌وپێشبردنی وڵاته‌كه‌یان و پشتگیریی توانا و كاری گه‌نجانی عێراقی تایبه‌ت به‌و ناوچانه‌ی شه‌ڕی لێیه‌، ڕێككه‌وتنێكی ستراتیجیی به‌ بڕی 3.5 ملیۆن دۆلار به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ به‌شی كۆچبه‌رانی ڕێكخراوی یوئێن له‌ عێراق IOM واژوو ده‌كات.

ئامانج له‌م ڕێككه‌وتنه‌ بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ژیانێكی ئاسووده‌ و پشتگیریكردن و به‌رزكردنه‌وه‌ی مۆراڵ و ده‌روونی گه‌نجانی عێراقییه‌، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی شه‌ڕی تیرۆریستانی لێیه‌، بڕی پاره‌كه‌یش بۆ ئه‌وه‌ ته‌رخان كراوه‌ كه‌ له‌ كردنه‌وه‌ی خولی به‌ره‌وپێشبردن و پشتگیریی كار و بازرگانی گه‌نجان و ڕه‌خساندنی هه‌لی كار و گه‌شه‌پێكردنی كۆمه‌ڵگاكه‌یان خه‌رج بكرێت.

ماریێل گرێدز به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی كاروباری باڵوێزخانه‌ی هۆڵه‌ندا له‌ عێراق وتی، ئێمه‌ خۆشحاڵین له‌م هاوبه‌شیكردنه‌ی حكوومه‌تی هۆڵه‌ندی له‌گه‌ڵ IOM بۆ پشتگیریی حكوومه‌تی عێراق دوای ئه‌و ناخۆشی و ڕووداوانه‌ی به‌مدواییه‌ بینییان و گه‌نجانی وڵاته‌كه‌ی بێ هیوا كرد.

زیاتر وتی، به‌ یارمه‌تییه‌كانمان بۆ وڵاته‌كه‌ هیواخوازین گه‌نجانی عێراقی داهاتوویه‌كی گه‌ش و پرشنگداریان هه‌بێت و ئه‌و بۆشایییه‌ پڕ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌هۆی شه‌ڕ و جه‌نگه‌وه‌ خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ ئاواره‌ بوون.

ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ پارێزگاكانی ئه‌نبار و به‌غدای پایته‌خت و هه‌رێمی كوردستانیش بۆ شاری كه‌ركووك ده‌یگرێته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی ڕاپۆرتی به‌شی كۆچبه‌رانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، دوای هاتنی تیرۆریستانی داعش بۆ عێراق و داگیركردنی وڵاته‌كه‌ بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ سێ ساڵ، زیاتر له‌ شه‌ش ملیۆن كه‌س بێ ماڵ و شوێن ماونه‌ته‌وه‌ و تا ئێسته‌یش 1.9 ملیۆن كه‌س بێ ماڵن و له‌ كه‌مپه‌كان ژیان به‌سه‌ر ده‌بن و ئاواره‌ بوون.