لەمودوا نابێت داشكان بەبێ رەزامەندی چاودێریی بازرگانی بكرێت


بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی كوردستان، كە لە كۆتاییەكانی مانگی رابردوودا دەرچووە، كۆمەڵێك رێنمایی سەبارەت بە داشكاندن دەركراوە.

رێنماییەكە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكانی چاودێریی بازرگانیی پارێزگاكان نێردراوە و جەخت كراوەتەوە، دەبێ چەند رێنماییەك جێبەجێ بكرێت. وەكوو ئاماژەی بۆ كراوە، نابێت داشكان بەبێ رەزامەندی چاودێریی بازرگانی بكرێت.

جەخت كراوەتەوە، هەندێك دەستەواژەی چەواشەكردنی هاووڵاتییان هەیە نابێت بەكار بهێندرێت، لەوانە (داشكانی شێتانە، دای دەخەین، بە زەرەر دەیفرۆشین، یان دەستەواژەی تر).

وەزارەتی بازرگانی روونی كردووەتەوە، دەبێ شوێنەكان بڕی ئەو كاڵایانە دیاری بكەن كە داشكانی بۆ دەكەن، لەگەڵ دیاریكردنی نرخی پێش داشكان و نرخی دوای داشكاندن، هەروەها دەبێ شوێنەكانی فرۆشتن ناوی ئەو شوێنە دیاری بكەن كەوا كاڵاكەی لێ دروست كراوە.

دووپاتیش كراوەتەوە، دەبێ مێژووی بەرهەمهێنانی كاڵاكە و مێژووی بەسەرچوونی كاڵاكە دیاری بكرێت.

ئەو وەزارەتەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەكوو مەرجێك ئاماژەی بەوە كردووە، پێویستە لە كاتی ئەنجامدانی داشكاندن لە هەر كۆگایەك دەستەواژە و رێژی داشكاندن لەبەردەم كۆگاكە بنووسرێت و لەناو كۆگاكەش بنووسرێت، بۆ نموونە: “لەدەرەوە نووسراوە داشكان 60%، كە دەچیتە نێو كۆگا و فرۆشگاكە تەنیا 30% لەسەر كاڵاكان نووسراوە، تەنیا بۆ راكێشانی كڕیارە، ئەو حاڵەتە رێگەی پێ نادرێت و رێكاری بەرامبەر دەگیرێـتە بەر”.

نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی  راگەیاند، ئەو رێنماییانەی داشكان دراونەتە بەڕێوەبەرایەتییەكانی چاودێریی بازرگانی و كاریان پێ دەكرێت.

وتیشی: “هەموو كۆگاكانی خۆراك و جلوبەرگ و كاڵاكانی تر دەبێت ئەو رێنماییانە جێبەجێ بكەن، ئەوەی پابەند نەبێت سزا دەدرێت”.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی روونیشی كردەوە، ئەوەی داشكانی كردبێت لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێت، ئەوەیشی دەیەوێت داشكان بكات، دەبێ بە رەزامەندیی چاودێریی بازرگانی كارەكە بكات.

نەوزاد ئەدهەم ئاشكرای دەكات: ”ئەگەر داشكانەكە راست نەبێت، ئەوا لەلایەن چاودێریی بازرگانی شوێنەكە یەک ملیۆن دینار غەرامە دەكرێت، تا 3 ملیۆنێش لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و تا 5 ملیۆنیش لە دەسەڵاتی وەزیری بازرگانیدایە، رەنگە شوێنەكەش دابخرێت”.