پارێزگاری سلێمانی: بەغداد ڕەزامەندی نیشانداوە نەوت و غازی پێویست بۆ سلێمانی بنێرێت

پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕەزامەندی نیشانداوە لەڕۆژانی داهاتوودا نەوت و غازی پێویست بۆ سلێمانی بنێرێت.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی ڕاگەیاند، پێشتر بەنوسراوی فەرمی داوایان لە وەزارەتی نەوتی عێراق كردووە بۆ ئەوەی سوتەمەنی پێویست بۆ پارێزگای سلێمانی دابین بكات.

هه‌روه‌ها وتیشی: دوێنێ لەوەزارەتی نەوتی عێراقەوە ئاگادار كراونەتەوە كە لەسەر ڕاسپاردەی ئەوان و هەردوو بریكارانی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕەزامەندی نیشاندراوە بۆ دابینكردنی نەوت و غاز بۆ شاری سلێمانی، بۆ ئەو مەبەستەش داوایان لێكراوە لە ڕێگەی كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمەنەوتییەكانی كەركوكەوە خشتەی پێداویستی پێشكەش بكەن بۆ ئەوەی لە ڕۆژانی داهاتوودا بڕی پێویستی نەوت و غاز بگاتە دەستیان.