بانکی ناوەندی ئێران پاکێجی نوێی بازاڕی دراو رادەگەیێنێت

بڕیارە ئەمشەو یان سبەی، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێران سیاسەتی نوێی حکومەتی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی بەهای دراوە بیانییەکان و رێگریکردن لە دابەزینی بەهای تمەن رابگەیێنێت.

ناوەڕۆکی پاکێجە نوێیەکە ئاشکرانەکراوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت تێیدا حکومەت نرخێک بۆ دراوە بیانییەکان لە بازاڕدا دیاریبکات و هەروەها سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، بەپێی سیاسەتی نوێ، پێدانی دراوی بیانی بۆ گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات رادەگیرێت.

سیاسەتی نوێی بانکی ناوەندی ئێران هاوکاتە لەگەڵ دانانەوەی قۆناخی یەکەمی گەمارۆکانی ئەمریکا.
 
ئاڵوگۆڕی دراو ئەمڕۆ لە کەمترین ئاستدا بوو. دوای ئەوەی لە رۆژانی رابردوودا هەر دۆلارێک لە بازاڕی نافەرمی تاوەکوو نزیکەی 12 هەزار تمەن بەرز بۆوە ئەمڕۆ لە دەورووبەری 9 هەزار و 700 تمەن ئاڵوگۆڕی پێکرا. 

هۆکاری ئەم  دابەزینەش بۆ چاوەڕوانی بازاڕ بۆ پەکێجی نوێی ئابووری حکومەت دەگەڕێتەوە. پەکێجەکەش بڕیارە بە نزیکترین کات وردەکارییەکانی بڵاوبکرێتەوە. گەرچی هەر لە ئێستاوە هەندێ لە چوارچێوە گشتییەکانی بڵاوکراوەتەوە.

یەکێک لەو خاڵانەش کە پێش بڵاوبوونەوەی پاکێجەکە ئاشکرا کراوە، نەدانی دۆلار بۆ گەشتکردنە. چەند رۆژی رابردوو ئەگەری زۆر لەسەر بوو، بەڵام ئەمڕۆ عەلی لاریجانی کۆتایی بە هەموو ئەمما و ئەگەرەکان هێنا و گوتی، لە کۆبوونەوەی  رۆژی شەممەی کار گرووپی هاوئاهەنگی ئابووری بڕیاردراوە چیدیکە دراو بە گەشتیار و موسافیرەکان نەدرێ.