فڕۆکەخانەی سلێمانی بەشێکی تازە دەکاتەوە


گروپی کۆمپانیاکانی فاروق پرۆژەی گەورەکردنی تێرمیناڵی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیان تەواو کرد.

بەئامادەبونی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پارێزگاری سلێمانی و فاروق مەلا مستەفا سەرمایەداری نیشتمانی و سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی و  ژمارەیەک لە بەرپرسانی پارێزگای سلێمانی پرۆژەی گەورەکردنی تێرمیناڵی فڕۆکە خانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کرایەوە.

ئەندازیار تاھیر عەبدووڵا، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕایگەیاند “ئەم پرۆژەیە لەسەر ڕوبەری ١٦٥٠ مەتر دروستکراوە بە دووبەش بەشێکی بۆ ڕۆشتوانە بەشێکی تریان بۆ پێشوازیکردنە، بودجەی پرۆژەکە لەلایەن حکومەتەوە بڕیاری لەسەر درا بە ڕێژەیەک لەو داھاتەی لە فڕۆکەخانە دەست دەکەوێت بڕی تێچوی پرۆژەکە یەک ملێۆن ١٣٥ ھەزار دۆلارە”.

ڕاشیگەیاند “پرۆژەکە لەلایەن گروپی کۆمپانیاکانی فاروقەوە کەکۆمپانیای زەریا دروستی کردووە بەکەمترین نرخ کاریان کردووە و چەندین پێداویستی ترمان ھەبوە کە زیاد کراوە کۆمپانیاکە بۆی کردون و ھیچ بڕەپارەیەکی زیادی وەر نەگرتووە کە دڵنیاشین لەم پرۆژەیدا قازانجی نەکردووە”.

دواتر ھەڤاڵ ئەبوبکر پارێزگاری سلێمانی لەوتەیکدا ڕایگەیاند “گەورەکردنی فڕۆکەخانە کارێکی زۆرباشە بۆ گەشەکردنی زیاتری گەشتە بازرگانی و ئابوریەکان و گەشتو گوزار”.

ڕاشیگەیاند “ئەم جۆرە پرۆژانە نەخرێنە ناو ململانێی سیاسیەوە و نەکرێت بەکارتی ھەڵبژاردن چونکە ئەم پرۆژە بۆ ئایندیە”.

جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند “وەبەرھێنان لە فراوانکردن و گەشەکردنی فڕۆکەخانە بیرۆکەیەکی ژیر و وردبینانەیە، دۆخی کوردستان ھەروا نامێنێتەوە ئابوری کوردستان بەھێز دەبێتەوە بازرگان و وەبەرھێنە نێودەوڵەتیەکان دەگەڕێنەوە گەشتی گەشتیاران زیاد دەبێتەوە”.

ڕاشیگەیاند “سوپاسی فاروق مەلا مستەفا و کۆمپانیای زاریا دەکەم کە دیسانەوە پەنجەمۆرێکی ھێشتەوە بەسەر گەشەکردنی کوردستانەکەمان بەتایبەت شاری سلێمانی”.

لای خۆشیەوە سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا “فراوانکردنی فڕۆکەخانەی سلێمانی قازانجێکی باشی دەبێت بۆ ھاووڵاتیان، دەتوانرێت لەو ڕێگەیەوە ڕویەکی جیھانی و مۆدێرن پیشانی گەشتیاران بدرێت کە دێنە فڕۆکەخانەی سلێمانی، ئێمە ھیوادارین ھەمیشە حکومەت گرنگی بەم فڕۆکەخانەیە بدات و کارگۆ بەھێزبکرێت تا بازرگانانیش بتوانن سود لەودەرفەتە وەربگرن کە لەشارەکەماندا ھەیە”.

ئەم بەشەی فڕۆکەخانەی سلێمانی کە زیادکراوە دەبێتە ھۆکارێک بۆ کەسوکاری ئەو کەسانەی گەشت دەکەن کە لەگەڵیاندا بڕۆن بۆ ماڵئاویکرد و بۆ پێشوازیکردن.