سعوودیه‌ په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كانی له‌گه‌ڵ كه‌نه‌دا هه‌ڵپه‌سارد

سعوودیه‌ باڵیۆزی كه‌نه‌دای له‌ ریاز به‌ كه‌سێكی نه‌خوازراو راگه‌یاند و ماوه‌ی 24 كاتژمێری بۆ داناوه‌ تا وڵاته‌كه‌ به‌جێبهێڵێت، هاوكات هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كانی له‌گه‌ڵ كه‌نه‌دا راگرتووه‌.

دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند چالاكێكی بواری مافی مرۆڤ له‌ سعوودیه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركران، به‌ هۆی لێدوانەكانی كه‌نه‌داوه‌ قه‌یرانی دیپلۆماسی كه‌وته‌ نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌وه‌.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه‌ كه‌ له‌ ئاژانسی SPA سعوودیشدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، باڵیۆزی كه‌نه‌دا له‌ ریاز، دێنیس هۆراك به‌ كه‌سێكی نه‌خوازراو راگه‌یه‌ندراوه‌ و داوای لێكراوه‌ له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێردا وڵاته‌كه‌یان به‌جێبهێڵێت.

له‌ راگەیەندراوەکەدا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌، له‌گه‌ڵ كه‌نه‌دا په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كان و وه‌به‌رهێنانه‌كانیان راگرتووه‌ و ئه‌م بڕیاره‌یان وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك بۆ لێداونەکەی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كه‌نه‌دا، كریستیا فریلاند و باڵیۆزی كه‌نه‌دا ده‌ركردووه‌ كه‌ رایانگه‌یاندبوو، “پێویسته‌ سعوودیه‌ ده‌ستبه‌جێ چالاكه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌كان ئازاد بكات.”

هاوكات ئاشكرا كراوه‌ كه‌ سعوودیه‌ باڵیۆزی خۆی له‌ ئۆتاوا، نایف بن بەندەر ئەلسدێری به‌ مه‌به‌ستی راوێژ بانگهێشتی وڵاته‌كه‌ی كردووه‌ته‌وه‌.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كه‌نه‌دا، کریستیا فریلاند دووی ئاب له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی تویته‌ر نووسیبووی، “زۆر نیگه‌ران بووم كاتێك بیستم سه‌مه‌ر به‌ده‌وی خوشكی رائیف به‌ده‌وی له‌ سعوودیه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌. كه‌نه‌دا له‌ دۆخه‌ سه‌خته‌دا پشتگیریی خێزانی به‌ده‌وی ده‌كات و به‌توندی داواده‌كه‌ین هه‌رچی زووه‌ سه‌مه‌ر و رائیف به‌ده‌وی ئازاد بكرێن”.