عێراق‌و ئه‌مریكا كاره‌كانی‌ لیژنه‌ی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ بازرگانییان ده‌ستپێكرد

هه‌ردوو حكومه‌تی‌  به‌غدا‌و واشنتۆن له‌كردنه‌وه‌ی‌ كاره‌كانی‌ لیژنه‌ی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ بازرگانی‌‌و هاوكاری‌ كه‌ ڕۆژی‌ چوارشه‌مه‌ (6-3-2013) ده‌ستی‌ به‌كاره‌كانی‌ كرد، پابه‌ندبونیان به‌ڕێكه‌وتنی‌ ستراتیژی‌ نێوان هه‌ردوو وڵات دووپاتكرده‌وه‌، له‌باره‌ی‌ زیادكردنی‌ ئاڵوگۆڕ‌و وه‌به‌رهێنان له‌نێوان هه‌ردوو وڵاتدا. 
به‌گوێره‌ی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكی‌ باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌عێراق‌، لیژنه‌ی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ كار‌و هاوكاری‌، كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات ئاستی‌ ئابوری‌ عێراق به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رفراوان‌و هه‌مه‌لایه‌ن به‌ره‌وپێش بچێت‌و ته‌نها بوارێك نه‌گرێته‌ خۆ، له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه‌ عێراق مسۆگه‌ر ببێت به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بۆ ناو كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌.
له‌دانیشتنی‌ لیژنه‌ی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ كار‌و هاوكاری‌ عێراقی‌ ئه‌مریكیدا باس له‌وه‌كرا، سه‌رجه‌م به‌ره‌وپێشچونه‌كانی‌ ڕابردوو تاووتوێكرا‌و باس له‌وه‌شكرا، ده‌بێت شاندی‌ عێراق له‌ماوه‌ی‌ ئه‌مساڵدا كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ پیاوانی‌ خاوه‌ن كار‌و وه‌به‌رهێنی‌ ئه‌مریكا له‌واشنتۆن ئه‌نجامبده‌ن، كه‌ كه‌رتی‌ تایبه‌تی‌ ئه‌مریكا به‌ڕێوه‌ی‌ ده‌بات، به‌مه‌به‌ستی‌ زیاتر هاندانی‌ ئاڵوگۆڕی‌ بازرگانی‌ وه‌به‌رهێنان له‌عێراقدا.
دانیشتنه‌كانی‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ به‌ئاماده‌بوونی‌ (د. ڕۆژ نوری‌ شاوه‌یس) جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیران بۆ كاروباری‌ ئابوری‌‌و (خه‌یروڵڵا بابه‌كر) وه‌زیری‌ بازرگانی‌ عێراق‌و (مایكل دیلانی‌) نوێنه‌ری‌ كاروباری‌ بازرگانی‌ به‌ڕێوه‌چووه‌.