كۆمپانیای سكانیا: چیتر ناتوانین لە ئێران ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر‌و پاس بفرۆشین


هنریك هنریكسۆن، سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای سكانیای سویدی رایگەیاند، بەهۆی گەمارۆكانی ئەمریكاوە چیتر ناتوانین لە ئێران ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر‌و پاس بفرۆشین.

سەرۆكی جێبەجێكاری سكانیا ڕاشیگەیاند، هەموو ئەو داواكاریانەی تایبەتن بە كڕینی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر‌و پاسی گەورە هەڵوەشاندۆتەوە، كە كاتی گەیاندنەكەی بۆ ئێران بگاتە ناوەڕاستی مانگی ئاب، چونكە لەدوای ئەو بەروارەوە هەموو شتێك كاریگەر دەبێت بەسزا ئابووریەكان.

وتیشی، بەپێی ئەو زانیاریانەی بەدەستمان گەیشتووە، فرۆشتنی بەرهەمەكانمان لە ئێران لەدەست دەدەین، چونكە بەهۆی گەمارۆكانی ئەمریكاوە چیتر ناتوانین ئۆتۆمبێل بە ئێران بفرۆشین.

كۆمپانیای سكانیا لە ساڵی رابردوودا 109 هەزار‌و 514 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری فرۆشتووە‌و لەو ژمارەیەش 5 بۆ 6 هەزار بارهەڵگر‌و پاسی گەورە فرۆشراوە بە ئێران، ئەوە لەكاتێكدایە كۆمپانیای بیجۆی فەرەنسی لەمانگی حوزەیراندا سەرجەم كارەكانی لە ئێران ڕاگرت.