فێستیڤاڵی Summer film school لە وڵاتی چیک بەڕێوەدەچێت و خەڵاتی شانازی ٤٤ یەمین خولی خۆی پێشکەشی سینەماکاری بەناوبانگی کورد بەھمەنی قوبادی کرد.
ساڵانە زیاتر لە ٥٥٠٠ کەس بەشداری لەو فێستیڤاڵەدا دەکەن و زۆربەی ئەو کەسانە خوێندکاران و سینەماکارانن.
ئەم خولەی فێستیڤاڵەکە بە نمایشکردنی فیلمی (کیسەڵەکانیش دەفرن)ی بەهمەنی قوبادی دەستیپێکرد، بڕیارە فیلمەکانی دیکەی قوبادی (ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان، کەس ئاگاداری پشیلە ئێرانیەکان نیە، وەرزی کەرکەدەن) لە رۆژانی بەرێوەچوونی فێستیڤاڵەکەدا نمایشبکرێن
بەھمەنی قوبادی وەک سینەماکار و دەرهێنەری سینەمایی بە پێشکەشکردنی چەند ۆرکشۆپێک لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارە.
بەھمەن قوبادی ساڵی ١٩٦٩ لە شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، دەرچووی بەشی سینەمای زانکۆی تارانە، دەرھێنەرێکی سینەمایی بەناوبانگی کوردە، فیلمەکانی لە فێستیڤاڵە جیهانییەکاندا نمایشدەکرێت و تا ئێستا چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە، دیارترین فیلمەکانی (ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان، نیوەمانگ، کیسەڵەکانیش دەفڕن، کەس ئاگای لە پشیلە ئێرانییەکان نییە، وەرزی کەرکەدەن)، ساڵی ڕابردوو بەفەرمی بووە ئەندامی بنکەی سینەماکارانی ئەمریکا.