زیانی بەهای هەشت لە کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا لە ئەمریکا لە ماوەی سێ رۆژی کارکردنیاندا زیاتر لە ٤٠٠ ملیار دۆلار بووە.
لە ماوەی سێ رۆژی کارکردنی نێوان ٢٦ بۆ ٣٠ی تەمووزدا، دابەزینی پشکەکانی دامەزراوەی سەرەکی هەریەک لە فەیسبووک، نێتفڵیکس، ئامازۆن، ئەپڵ، مایکرۆسۆفت، ئینتێل و گووگڵ لە بۆرسەی نیویۆرک، کۆی گشتیی زیانی بەهای ئەو هەشت کۆمپانیایە ٤٠١ ملیار دۆلار بووە.
لەنێوان رۆژی پێنج شەممە ٢٦ی تەمووز و رۆژی دووشەممە ٣٠ی تەمووزدا، پشکەکانی تویتەر بەرێژەی لەسەدا ٢٩ دابەزیون، بەهای کۆمپانیاکە لە بازاڕدا ٩٦ ملیار دۆلار هاتووەتە خوارەوە. هەر لە هەمان ماوەدا پشکەکانی فەیسبووک لەسەدا ٢١،٣ هاتوونەتە خوارەوە و بەهای کۆمپانیاکە لە بازاڕدا ١٣٣ ملیار دۆلاری لێبووەتەوە.
هاوکات هەر لەو ماوەیەدا نرخی پشکەکانی ئینتێڵ بە بەرێژەی لەسەدا نۆ دابەزیوە و ٢٢ ملیار دۆلار لە بەهای کۆمپانیاکە کەمبووەتەوە لە بازاڕدا. هەر لەنێوان رۆژی پێنج شەممە ٢٦ی تەمووز و رۆژی دووشەممە ٣٠ی تەمووزدا، پشکەکانی نێتفڵیکس لەسەدا ٧،٧ دابەزیون و بەهای لە بازاڕەکاندا ١٢ ملیار دۆلار کەمیکردووە.
لەو ماوەیەدا پشکەکانی مایکرۆسۆفت لەسەدا ٤،٩ دابەزیوە و بەهای کۆمپانیاکە لە بازاڕدا ٤٢ ملیار دۆلار کەمیکردووە و نرخی پشکەکانی کۆمپانیای ئامازۆنیش لەسەدا ٤،٥ دابەزیوە و بەهای کۆمپانیاکە ٤١ ملیار دۆلار هاتووەتە خوارەوە.
هاوکات پشکەکانی گووگڵ بەرێژەی ٣،٦ نرخیان لەدەستداوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بەهای کۆمپانیاکە ٣١ ملیار لەبازارەکاندا بێتە خوارەوە. هاوکات نرخی پشکەکانی ئەپڵ لەسەدا ٢،٥ کەمیکردووە و بەهای کۆمپانیاکە ٢٤ ملیار دۆلارکەمیکردووە.