بەرپرسانی ئێران رایدەگەیەنن ”كە سوورن لەسەر بەفەرمیكردنی مەرزی كێلێی سەردەشت، بۆیە هەوڵی پێویستی بۆ دەدەن تا لەو رێیەوە داهاتی خەڵكی سنوورەكە بەرز ببێتەوە و هەلی كار دروست بێت”.
بەگوێرەی “ئیرنا” رەزا حوسێنی جێگری كاروباری ئابووری و پەرەپێدانی سەرچاوەكانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان روونی كردەوە، پارێزگای ورمێ رۆڵێكی گرنگی هەیە لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان بە هۆی ئەوەی كە لەگەڵ عێراق و توركیا هاوسنوورە و دروستكردنی ژێرخانی بازرگانی لە سنوورەكە هەنگاوی بە فەرمیكردنی دەروازەكە خێراتر دەكات.
ئێستا گرنگترین دەروازەی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگای ورمێ، بریتییە لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران و هاوشێوەی سەردەشت لە سنووری نێوان شنۆ و سیدەكانیش هەوڵی بە فەرمیكردنی دەروازەیەك دەدرێت.
پێویستە بگوترێت مەرزی كێلێی سەردەشت مەرزێكی نافەرمییە و بە فەرمیكردنی ئەم دەروازەیە دەبێتە هۆكاری ئەوەی پێوەندییە بازرگانییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگای ورمێ زیاتر پەرە بستێنێت.
سەردەشت كەوتووەتە باشووری پارێزگای ورمێ و لە هەرێمی كوردستانیش لەگەڵ قەڵادزێ هاوسنوورە.