حكومەتی هەرێم بڕیارێكی بەغدا لەبارەی قەدەغەی هاوردەكردنی ماسی جێبەجێ ناكات‌


حكومەتی هەرێم بڕیارێكی بەغدا لەبارەی قەدەغەی هاوردەكردنی ماسی جێبەجێ ناكات‌و بەرپرسێكی وەزارەتی كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم رایدەگەیەنێت، بڕیارەكە دەبێتە هۆی گرانبوونی نرخی ماسی.

د.جەمال شوكری بەڕێوەبەری كەرەنتین لە وەزارەتی كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم، لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا راگەیاندوە، هەر لیستێكی قەدەغەكردنی بەرهەمی هاوردە لە عیراقەوە رەوانەی هەرێم بكرێت، جێبەجێدەكرێت، بەڵام بڕیاری قەدەغەكردنی هاوردەكردنی ماسی جێبەجێ ناكرێت، لەبەرئەوەی هەرێم حەوزی ماسی زۆری نییەو بە جێبەجێكردنی بڕیارەكەش، نرخی ماسی گران دەبوو.

وتیشی:»لەكاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆیی لەهەرێم كوردستان، بەرهەمی هاوردە باجی دەخرێتەسەر، بەڵام هاوردەكردنی قەدەغە ناكرێت».

ئاماژەی بەوەشكرد، ماوەیەك لەمەوبەر گومرگی هەرێم‌و بەغدا كۆبوونەوەیان كرد بۆ جێبەجێكردنی پێناسێكی یەكگرتوو لەسەرتاسەری عیراق، بەڵام تائێستا جێبەجێنەكراوە.

بەڕێوەبەری كەرەنتین لەوەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم ئەوشیخستەڕوو، بەهۆی ئەنفلۆنزای باڵندەوە، رێگەنادرێت لە 32 وڵاتی جیهانەوە مریشك‌و بەروبوومەكانی هاوردەی هەرێم بكرێت، لەڕۆژی 15ی ئەم مانگەشەوە لیستەكەمان بڵاوكردۆتەوە، جگە لەوەش بەهۆی بوونی نەخۆشی ئەنفلۆنزای باڵندەی زۆر كوشندە لەئێران، رێگەنادرێت مریشك‌و بەروبوومەكانی ئەو وڵاتە هاوردەی هەرێم بكرێت.