بانكی نێودەوڵەتی پلانی درێژخایەنی هەیە بۆ كاركردن لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان

گەوڕە ڕاوێژكارێكی بانكی نێودەوڵەتی ئاشكرای كرد، پلانی درێژخایەنیان هەیە بۆ كاركردن لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان و هەوڵیش دەدەن پێوەندییەكان پێش بخرێن.

ئەمڕۆ چوارشەم یەكی ئاب، لە هەواڵێكی سایتی پەرلەمانی كوردستان هاتووە، لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی كوردستان و بەمەبەستی پەرەپێدانی مەلەفەكانی لێكۆڵینەوە و كاركردن لەسەر پرسە ئابوورییەكان لە ‌پرۆسەی یاسادانان، لەگەڵ گەورە راوێژكار لە بانكی نێودەوڵەتی میچێل ئۆبراین، كۆ بوونەوە.

لە هەواڵەكە ئاشكرا كراوە، شاندەكەی بانكی نێودەوڵەتی دوو كۆبوونەوەیان لە تەلاری پەرلەمان ئەنجام دا، هەروەها‌ چۆنیەتیی پەرەپێدانی پێوەندییەكانی ستراتیجیی كاری بانكی نێودەوڵەتی لە داهاتوودا گفتوگۆی لەبارەوە كرا و بڕیار درا پێوەندییەكان بەردەوام بن هەم بۆ دەوڵەمەندكردنی تواناكان، هەمیش پەرەپێدان بەو توێژینەوانەی كە رەهەندی ئابوورییان هەیە.
 
لەو كۆبوونەوەكەدا داوا كرا بانكی نێودەوڵەتی بەردەوام بێت لە پشتگیریكردنی لیژنە تایبەتمەندەكانی پەرلەمان بەتایبەتی لە خولی داهاتووی پەرلەماندا كە كاری زۆریان لە پێشە. 

هاوكات میچێل ئۆبراین گەورە راوێژكار لە بانكی نێودەوڵەتی ، ئەوەی خستەڕوو كە ستراتیج و پلانی درێژخایەنیان هەیە بۆ كاركردن لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان و هەوڵیش دەدەن پێوەندییەكان پێش بخرێن.