ئێران هەوڵ بەپێشخستنی کەرتی گەشتیاری کێشە ئابوورییەکان چارەسەر بکات


دوای ئەوەی نرخی تمەن بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزی، بەرپرسانی كەرتی گەشتوگوزاری ئێران باس لەوە دەكەن كە ئەگەر پەرە بە كەرتەكە بدرێت و ئاسانكاری بۆ هاتنەژوورەوەی گەشتیارانی بیانی بكرێ، ئەوا بەشێك لە كێشە ئابوورییەكان هەر بەو پارەیەی گەشتیاران دەیهێننە ئێران چارەسەر دەبێت.

بەگوێرەی ئامارێك كە محەمەد موحێب خودایی جێگری فەرمانگەی گەشتوگوزاری ئێران بڵاوی كردووەتەوە، ساڵی رابردوو پێنج ملیۆن و 200 هەزار گەشتیار روویان لە ئێران كردووە و لەگەڵ خۆیاندا 10 ملیار و 504 ملیۆن دۆلاریان هێناوەتە ئێران. ئەو دەڵێت بە هاتنی هەر گەشتیارێك بۆ ئێران راستوخۆ 680 دۆلار و ناڕاستەوخۆ هەزار و 340 دۆلار دێتە ناو ئێرانەوە.

ئەو پێشنیازی كردووە لە داهاتوودا گرنگی زیاتر بە كەرتی گەشتوگوزار بدرێت و بكرێت بە جێگرەوەیەك بۆ داهاتی نەوت.

ئەو بەرپرسەی گەشتوگوزاری ئێران نموونەی توركیا دەهێنێتەوە، سەرەڕای ئەوەی كە دۆخەكەی ئاڵۆز بووە، كەچی هانی ئەوەی داوە گەشتیاری زیاتر بۆ وڵاتەكەی رابكێشێت و لە سێ مانگی یەكەمی ساڵی 2018دا 16 ملیۆن گەشتیار روویان لە توركیا كردووە كە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو 20% زیادی كردووە.

ئەمەریكا هەوڵ دەدات هەناردەی نەوتی ئێران بگەیەنێتە سفر، بۆیە ئێران بیر لە دۆزینەوەی سەرچاوەی تری دارایی بۆ وڵات دەكاتەوە.