ئەیاد شێخ حەسەن: بازرگاکانى باشوورى عێراق لەبرى بەندەرەکانى بەسرە پشتیان بە ئیبراهیم خەلیل بەستووە


سەرۆکى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى پارێزگاى دهۆک، ئەیاد حەسەن رایگەیاند “سێ بەشى بازرگانانى عێراق لەڕێگەى دەروازەى سنوورى ئیبراهیم خەلیل کاڵا و کەلوپەل و پێداویستییەکانى ژیان دەگەیەننە تەواوى پارێزگاکانى باشوورى عێراق”.

ئەیاد شێخ حەسەن وتى: “دواى ئەنجامدانى خۆپێشاندان و گردبوونەوە لە نۆی تەمووزە تا ئەمڕۆ لە پارێزگاکانى باشوورى عێراق و بە تایبەتى پارێزگاى بەسرە، بازرگاکانى عێراق و پارێزگاى بەسرە لەبرى بەندەرەکانى پارێزگاى بەسرە پشتیان بە دەروازەى ئیبراهیم خەلیل بەستووە بۆ هاوردەکردنى کاڵا و کەلوپەل و پێداویستییەکانى رۆژانە”.

وتیشى: “بازرگانانى باشوورى عێراق جگە لە کەلوپەل خواردن و خواردنەوە لەڕێگەى دەروازەى ئیبراهیم خەلیل چیمەنتۆ و ئاسن سەرجەم پێداویستییەکانى بیناسازى هەروەها کەلوپەلى پزیشکى و دەرمانەکانى تەندروستى و جلوبەرگ هاوردەى هەرێمى کوردستان دەکەن و دواتر راستەوخۆ دەگوازرێنەوە بۆ پارێزگاکانى باشوورى عێراق، بەشى هەرە زۆرى کەلوپەلە هاوردە کراوەکان رەوانەى بەغدا و بەسرە دەکرێن”.