ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی بڕوانامەی رێزلێنانی بەخشی بەژمارەیەک لەخاوەنکارو بازرگانو پیشەسازکارو وەبەرهێن کە لەچوار ساڵی رابردودا بەبڕی دو ملیار دینار هاوکاری هێزی پێسمەرگەو ئاوارەکانی جەنگی داعشو هاولاتیانی کوردیان لەناوخۆی هەرێمو دەرەوە کردوە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٩ / ٧، ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی لەرێورەسمێکدا بەئامادەبونی چەندین لێپرسراوی حزبیو حکومی، بڕوانامەی رێزلێنانی بەخشی بەژمارەیەک لەو خاوەنکارانەی لەچوار ساڵی رابردوادا کە هەرێمی کوردستان روبەڕوی قەیران بوەتەوە هاوکاری هێزی پێشمەرگە لە جەنگی دژ بەداعشو ئاوارەکانو هاوڵاتیانی کوردستانیان کردوە.
سەرەتا سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، سیروان محەمەد بەم بۆنەیەوە وتاری ژووری خوێندەوە کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
میوانە بەڕێزەكان ..
بەناوی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانیەوە بەخێرھاتنێکی گەرمتان دەکەین، بەخێربێن سەرچاومان… بەڕێزان ژوورەکەمان وەک ڕێکخراوێکی ئابوری کەرتی تایبەت سەرەڕای جێبەجێکردنی کارەکانی لەبواری بازرگانیو پیشەسازی شارەکەماندا، ھەمیشە وەک ئەرکێکی ئاینیو نەتەوەی دەستی ھاوکاری و ھەمەئاھانگی درێژکردووە لەساتەوەختە سەختەکانی ژیانی ھەرێمەکەمانو شاری سلێمانی. بەڕێزان لەساڵانی ڕابردودا ئەم ژوورە بەھاوکاری بەڕێزاتان کەلێرە ئامادەنو ھەموو ئەو بازرگانو پیشەسازو وەبەرھێنانەش کە دەرفەتی ئامادەبونیان نەبووە. توانیومانە پشتگیری مادی ھاووڵاتیان کورد بکەین لەناوەوەو دەرەوەی ھەرێم، توانیمان ھاوکاریەکان بگەیەنینە خوشکو براکانمان لەباکوری کوردستان لەشاری وان دوای ئەوەی بەھۆکاری بومەلەرزە توشی ئاوارەییو بێجێگەیی بوون، توانیمان ھاوکاری ئاوارەکانی سوریا بکەین لەدوای ڕوداوی جەنگی ناوخۆی لەو وڵاتە. لەدوای شەڕی نەگریسی داعش بەردەوام ھاوکاریەکانمان گەیاندە ئاوارەکانی ئەو ناوچانەی ئاگری شەڕ ھاوڵاتیانی ناچارکردبوو ڕوبکەنە ھەرێمی کوردستان، وەتوانیمان ھاوکاری ھێزەکانی پێشمەرگەو کەسوکاری شەھیدان و بریندارانی شەڕی داعش بکەین چونكە پاراستنی ئاسایشی كوردستان بە ئەركی سەرشانی خۆمان دەزانین و دەست لەناو دەست بووین و هاوكاربووین بۆ ئەو ئامانجە پیرۆزە .
بەڕێزان
ھەموو ئەو ھاوکاریانە کەم تا زۆر بەھیمەت و ھاوکاری ئێوەی بەڕێزتان کراوە، دەستخۆشیتان لێدەکەین ھەڵوێستی برایەتی و مرۆڤ دۆستیتان بەرز ڕادەگرین، ئەمڕۆ لەم مەراسیمەدا وەک وەفایەک بۆ ھەڵوێستتان پێمان خۆشبوو بڕوانامەی ڕێزلێنان ببەخشینە جەنابتانو هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.
بەڕێزان تێكڕای ئەو پارەو كۆمەكانەی كە لە بەڕێزتان وەرگیراوە نزیكەی 2 ملیار دینار بووە، لەڕێگەی لیژنەی تایبەتی ژوورەكەمان و پارێزگای سلێمانی بە ئاگاداری یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان خەرجكراوە.
لێرەوە سوپاس و دەستخۆشی لەو بازرگان و پیشەسازو وەبەرهێنانەش دەكەین كە خۆیان ڕاستەوخۆ جیا لەژووری بازرگانی هاوكاری هێزەكانی پێشمەرگەو ئاوەراكان و حكومەتی هەرێمی كوردستانیان كردووە.
ڕێزو سوپاسمان هەیە بۆیان و هەڵوێستی جوامێرانەیان بەرز دەنرخێنین.
پاشان حاکم قادر حەمە جان، بەرپرسی مەڵبەندی یەکی رێکخستنی سلێمانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەوتەیەکدا بەم بۆنەیەوە رایگەیاند ”سوپاستان دەکەین و دەستخۆشیتان لێ دەکەین بۆ سەرجەم ئەو هاوکاریانەی پيشکەشتان کردوە نمونەتان زۆر بێت، ئەرکی سەرشانی هەمومانە پێکەوە هاوکاری پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدان بکەین، لەبەرئەوەی سەرجەم کاروبارو پرۆژەکان لەسایەی ئەو ئەمن و ئاسایشەیە کە بەخوێنی شەهیدان هەوڵی پێشمەرگەی کوردستان بەدی هاتووە”.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ”زۆربەی بازرگانان هاوکاری پێشکەش بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن بەڵام بەداخەوە ژمارەیەک لەبازرگانان خۆیان لەهاوکاری کردنی هێزەکانی پيسمەرگە دەدزنەوە”.
هەروەها شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی هێزەکانی یەکەی ٧٠ی پێشمەرگەی کوردستان لەوتەیەکیدا رایگەیاند ”بەناوی فەرماندەی هێزی پيشمەرگە و سەرجەم ئەفسەرو پێشمەرگەکان زۆر سوپاسی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی دەکەم، سوپاسی هەموو ئەو بازرگانانە دەکەم کە هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگەیان کردوە جێگەی رێزو تەقدیرن، لەکاتێکدا ڤوبەڕووی سەخترین هێزی دژ بەمرۆڤایەتی و دیموکراسی بوەو ئێمە خۆمان بۆ ئامادە نەکرد بوو بۆشایەکی گەورە دروست ببو، مەخزەنەکانمان بەتاڵ بوو، بەڵام توانیمان هەموو ناوچە کوردستانیە داگیرکراوەکان بپارێزین و ئەمنیەتیش بۆ خەڵکەکەی دابین بکەین تەنها بە پشتیوانی میلەتەکەمان و ئێوەی بە شەرەف و بەڕێز، هەموو شتێکتان بۆ دابینکردین، هیچ کاتێک بەقەدەر شەری داعش میلەتەکەمان ئەوەندە یەکگرتوو نەبووە بۆ هاوکاری کردنی هێزەکانی پێشمەرگە”.
شێخ جەعفەر ئاماژەی بەوەش کرد جگە لەوەی لەڕێگەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیەوە بەردەوام هاوکارییان کراوە، بەشێک لەبازرگانانیش بەشەخسی هاوکاریان بۆ ناردون و سەردانی لیواو میحوەرەکانان کردوە و ماڵی شەهیدو کەمئەندامەکانتان بەسەر کردۆتەوەو یارمەیان داون، “ئەوە جێگەی رێزو تەقدیرە”.