ئێران بازارێکی دراوی ئەلکترۆنی رووبەڕووبونەوەی سزاکانی ئەمەریکا دروست دەکات

مانگی نیسانی ئەمساڵ، حکومەتی تاران دامەزراندنی بازارێکی دراوی ئەلکترۆنی “ئەزموونی” دەستپێکرد و ئەمرۆ رایگەیاند بۆ رووبەڕووبونەوەی سزاکانی ئەمەریکا دەیخاتە بواری جێبەجێکردن.

بەگوێرەی میدیا فەرمییەکانی ئێران، بانقی ناوەندیی ئێران بە پستبەستن پسپۆر و بە شارەزا ناوخۆییەکانی، دروای ئەلکترۆنی پێشدەخات و دەیخاتە بازاری دراوەوە.

عەلی رەزا دالیری بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی تەکنەلۆژیای نوسینگەی سەرۆکایەتی ئێران لەو بارەیەوە وتویەتی” هەوڵی رەخساندنی هەلومەرجی پێویست دەدەین لە وڵاتدا بۆ خستنەگەڕی دراوی ئەلکترۆنی خۆماڵی”.

“ئەم دراوە، ناردن و وەرگرتنی پارە لە ئێرانەوە بۆ هەر جێگایەکی دیکە و بە پێچەوانەشەوە ئاسان دەکات، و کاریگەریی سزا ئابووریەکانی ئەمەریکاش لەسە ئێران کەمدەکاتەوە” عەلی رەزا وای وت.

کشانەوەی ئەمەریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی و هەڵئاوسانی ئابوری ئێران 

لەدوای ساڵی ٢٠١٦ ەوە زیاتر لە ٥٩ ملیار دۆلار لە سەرمایەی نیشتیمانی ئێران چووەتە دەرەوە، ئەوەش دەکاتە سەدا ٨٣ ی داهاتی هەناردەی ساڵانەی ئەو وڵاتە.

بەگوێرەی سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمانی ئێران، تەنها لە ماوەی دوانزە مانگی رابردوودا ٣٩ ملیار دۆلار لە سەرمایەی گشتی ئێران براوەتە دەرەوە و لە وڵاتانی دیکەدا  بازرگانی و مامەڵەی پێوەکراوە.
 
دیارنەمانی ئەو بڕە پارە زۆرە لە بانکەکانی ناوخۆی ئێراندا، قەیرانی دارایی لەو وڵاتە زیاتر قوڵکردووەتەوە کە دەکاتە سەدا ٨٣ ی کۆی گشتی داهاتی ساڵ لە  داهاتی سەرچاوەکانی ئێران جگە لە هەناردە نەوتییەکان.

شارەزایانی نێودەوڵەتی هۆکاری ونبوونی پارە و سامانی نیشتیمانی لە بانقەکانی ئێران و بانقی ناوەندی ئەو وڵاتە، بۆ کشانەوەی ئەمەریکا دەگێڕنەوە لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران.

دۆنالد ترەمپ، هەر لە سەرەتای دەستبەکار بوونیەوە، وەک سەرۆکی ئەمەریکا، دژایەتی ئەو رێککەوتنە دەکات، وڵاتانی  ئیتاڵیا، چین، فەرەنسا، روسیا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکا، بە سەرۆکایەتی باراک ئۆباما  لەسەری رێککەوتن، بەوەی ئێران بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکی کەم بکاتەوە، لە بەرامبەردا سزا و ئابڵوقەی ئابووریی سەپێنراوی سەر ئێران کەم بکرێتەوە، رێکەوتی ٨ی مانگی رابردوو( ئایار) دۆناڵد ترەمپ کشانەوەی ولاتەکەی لەو رێککەوتنە راگەیاند.