سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بەردەوامە لە رەخنەگرتن لە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست ( The Washington Post) کە خاوەنەکەی جێف بەزۆس و لە ھەمان کاتدا دامەزرێنەری کۆمپانیای ئەمازۆنە.
ترەمپ لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند کە “ئەمازۆن و واشنتۆن پۆست، لە دوای دۆڕاندنی دۆزی باجی ئینتەرنێت لە دادگا، دژایەتی من دەکەن. بە پارەیەکی زۆر کەم نووسینگەی پۆستەی ئەمریکا بەکاردەھێنن و وەک دیلیڤەری خۆیان بەکاری دەھێنن”.
ترەمپ وتیشی: “بە بۆچوونی من رۆژنامەی The Washington Post کاری لۆبی بۆ ئەمازۆن دەکات”.
دادگای باڵای ئەمریکا مانگی رابردوو بڕیاری ئەوەی دابوو کە ویلایەتەکان دەتوانن باجی کڕین و فرۆشتن لەسەر سایتەکانی بازرگانی ئەلیکترۆنی کۆبکەنەوە.
ترەمپ لە مانگی نیسانی رابردوو، راشیگەیاندبوو کە بەھۆی ئەوەی کە نووسینگەی پۆستەی ئەمریکا کەلوپەلەکانی ئەمازۆن دەگوازێتەوە پارەیەکی ئێکجار زۆری لەدەستداوە.