سعوودیه‌ به‌هۆى په‌لامارى حووسییه‌كانه‌وه‌ هه‌نارده‌كردنى نه‌وتی وه‌ستاند


وه‌زیرى نه‌وتى سعوودیه‌ رای گه‌یاند، به‌هۆى په‌لامارى حووسییه‌كانه‌وه‌، بۆ ماوه‌یه‌كى كاتى سه‌رجه‌م بڕی هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى سعوودیه‌ له‌ گه‌رووى بابولمه‌نده‌ب وه‌ستێنرا.

خالید فالح وه‌زیرى نه‌وتى سعوودیه‌ له‌ راگه‌یانراوێكى فه‌رمى ئێواره‌ی دوێنێ رای گه‌یاند، بڕیارى سه‌رجه‌م پرۆسه‌كانى هه‌نارده‌كردن و ناردنى نه‌وت له‌ رێى بابولمه‌نده‌به‌وه‌ وه‌ستێنراوه‌.

وه‌زاره‌تى نه‌وتى سعوودیه‌ دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، بڕیاره‌كه‌ كاتییه‌ و بۆ سه‌لامه‌تى كه‌شتییه‌ نه‌وتییه‌كان دراوه‌.

ئه‌م بڕیاره‌ى وه‌زاره‌تى نه‌وتى سعوودیه‌ دواى ئه‌و هێرشه‌ هاتووه‌ كه‌ له‌لایه‌ن میلیشیاى حووسییه‌كانه‌وه‌ كراوه‌ته‌ سه‌ر دوو كه‌شتى نه‌وتى سعوودیه‌ له‌ ده‌ریاى سوور.

كۆمپانیاى ئارامكۆى سعوودى له‌ راگه‌یانراوێك ئاشكراى كردبوو، حووسییه‌كان هێرشیان كردووه‌ته‌وه‌ سه‌ر دوو كه‌شتى نه‌وتى زه‌به‌لاح كه‌ دوو ملیۆن به‌رمیل نه‌وتى خاویان هه‌ڵگرتبوو.

به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌ى بۆ كرابوو، هێرشه‌كان هیچ زیانێكى مادیى گه‌وره‌یان نه‌بووه‌ و هه‌ره‌وه‌ها هیچ كه‌سێكیش به‌ر هێرشه‌كان نه‌كه‌وتووه‌.

گه‌رووى بابولمه‌نده‌ب به‌ ده‌روازه‌یه‌كى گرنگى كه‌شتیوانى داده‌نرێت له‌ دنیادا، له‌وانه‌ ده‌ریاى سوور به‌ كه‌نداوى عه‌رب و  عه‌ده‌ن ده‌به‌ستێته‌وه‌.

ماوه‌یه‌كه‌ هێزه‌كانى هاوپه‌یمانى عه‌ره‌بى ئۆپراسیۆنێكی هاوبه‌شیان بۆ سه‌ر شارى حودیده‌ ئه‌نجام داوه‌، گوته‌بێژى هاوپه‌یمانى عه‌ره‌بیش ده‌ڵێ، حووسییه‌كان به‌نده‌ره‌كانى ئه‌و شاره‌یان كردووه‌ته‌ پێگه‌یه‌ك بۆ هێَرشكردنه‌ سه‌ر كه‌شتیوانى ده‌ریاى سوور.