ئەنجوومەنی نەوت و گازی هەرێم تەئكید لە چارەسەری كێشەی پاڵاوگە نایاساییه‌كان ده‌كاته‌وه‌

كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نەوت و گازی هەرێم بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەت كۆبۆوەو تەئكید لە چارەسەری كێشەی پاڵاوگەكان كرایەوە.

كۆبوونەوە تایبەت بوو بە گفتوگۆكردن لەسەر پاڵاوگە بچووكە نایاساییەكان كە بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی كاریان كردووە و تیایدا وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕاپۆرتێكیان سەبارەت بە ژمارەی پاڵاوگاكان‌، شوێنەكانیان و مێژووی سەرهەڵدانی ئەم دیارە نایاساییە پێشكەشكرد.

 كۆبوونەوەكە كۆك بوو لەسەر پێویستە بە زوویی چارەسەری ئەم دیارەیە بكرێت، بەتایبەتی كە ئەم پاڵاوگانە بوونەتە هۆكاری زیانگەیاندێكی گەورە بە تەندروستی و ژینگەی هەرێمی كوردستان. 

لەوبارەیەوە چەند نموونەیەكی دیار لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی باسكران كە بە ‌هۆی پاشەڕۆی ئەو پاوڵاگانەوە زیانی گەورە بەر‌ سەرچاوەكانی ئاو و بەرهەمی كشتوكاڵی گەیشتووە و‌ هۆكاری سەرەكیشن بۆ بڵاوبوونەوەی چەند نەخۆشییەكی مەترسیدار. 

كۆبوونەوە بڕیاریدا وەزارتی سامانە سروشتییەكان بە هاوكاریی وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان لە دەرفەتێكی نزیكدا بە میكانزمێكی پێویستی یاسایی كار بۆ چارەسەركردنی ئەو بابەتە بكەن و حكوومەتیش ڕێكاری پێویست بەرامبەر پاراستنی ژینگە و تەندروستی و ژیانی هاوڵاتیان بگرێتەبەر.

 لەو بارەیەوە  سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەت تەئكیدیان لەوەكردەوە: كە پێویستە دەزگا ئیدارەییەكان بەتایبەتی دەزگاكانی جێبەجێكردن وەك وەزارەتی ناوخۆ، ئەنجومەنی ئاسایش و پۆلیس بە هاوكاریی پارێزگارەكان كار لەسەر ئەم بابەتە بكەن لە ‌چوارچێوەی ئەو میكانزمەی لە كۆبوونەوەكەدا خرانەڕوو و داوكاری گشتیش ڕاسپێردرا لەڕووی یاسایییەوە هاوكاری ئەو تیمە بێت.