بڕى هاوردەکردنى گۆشتى سپى و ئاژەڵ بۆ پارێزگاى سلێمانى دیاریکرا


قایمقامی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: لە مانگی هەشدا هاوردەكردنی بەرهەمی پەلەوەری و بەرووبوومی ئاژەڵی لەگەڵ بەرهەمی ناوخۆ هاوسەنگ دەكرێت و لەوەرزی گەرماشدا خواستی هاوڵاتیان لەسەر ماسی زۆرتر دەبێت.

ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا كەوێنەیەكی دەست سایتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی كەوتوە، ڕایگەیاند: بریاردرا بە پێی رێنماییە ڤێترنەرییەكان و پشكنینی تاقیگەیی بۆ مانگی ئاب رێگە بە هاوردەكردنی بەرووبوومی ئاژەڵی بدرێت بۆ پارێزگای سلێمانی بە بڕی 5000 سەر ئاژەڵ و 500 تۆن گۆشتی سور، بەرووبومی پەلەوەریش دیاریكرا بە بڕی 500 تۆن مریشك، 510 تۆن هێلكە، و بەهۆی خواستی زۆری هاوڵاتیانیش رێگە دەدرێت بڕی 2400 تۆن ماسی بۆ هەریەكە لە مانگەكانی 8 و 9 و 10 هاوردە بكرێت.

جێگای ئاماژە بۆكردنە بەمەبەستی پاڵپشتیكردن لە بەرهەمی ناوخۆ و بە پێی گۆرانكاری وەرزەكان، و بە لەبەرچاوگرتنی خواستی هاوڵاتیان و پركردنەوەی پێویستییەكانی بازار، مانگانە لیژنەی پەلەوەری و بەرووبومی ئاژەڵی بە سەرپەرشتی قائیمقامی سلێمانی و بە پێی لێكۆڵینەوە و داتاو زانیارییەكان بریار لەسەر دیاریكردنی بری بەرهەمی هاوردە دەدرێت.