سه‌رۆكی بانكی ناوه‌ندی ئێران له‌پۆسته‌كه‌ی دوورخرایه‌وه‌


له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی ئێران به‌ سه‌رۆكایه‌تی حه‌سه‌ن رۆحانی سه‌رۆك كۆمار ده‌نگ له‌سه‌ر لابردنی سه‌رۆكی بانكی ناوه‌ندی ئێران درا و له‌پۆسته‌كه‌ی دوورخرایه‌وه‌.

به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 25-7-2018  ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی ئێران كۆبووه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ده‌نگ له‌سه‌ر لابردنی وه‌لی ئه‌لله‌ سه‌یف سه‌رۆكی بانكی ناوه‌ندی درا و له‌ پۆسته‌كه‌ی دوور خرایه‌وه‌ و له‌بری ئه‌و عه‌بدولناسر هیمه‌تی بوو به‌ سه‌رۆكی بانكی ناوه‌ندی ئێران.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ په‌رله‌مانی ئێران بڕیاریدا كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ بانكی ناوه‌ندی ئێران بكرێت.

هاوكات حه‌سه‌ن رۆحانی سه‌رۆك كۆماری ئێران ڕایگه‌یاند ئه‌گه‌ر پێویست بكات گۆڕانكاری له‌ كابینه‌دا ده‌كات.

ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین به‌رپرسه‌ له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی رۆحانی له‌دوای قه‌یرانه‌كانی ئه‌مدوایانه‌ ده‌ست له‌كارده‌كێشته‌وه‌. پێشتریش چاودێرانی ئابووری داوایان كردبوو كه‌ سه‌رۆكی بانكی ناوه‌ندی ده‌ست له‌كاربكێشته‌وه‌ پاش ئه‌وه‌ی كه‌ دۆلار به‌ڕێژێكی به‌رچاو نرخه‌كه‌ی به‌رز بوه‌یه‌وه‌.