یەکەمین هەنگاوی سعودیە لە بوارەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بە دیداری وەبەرهێنەران و بازرگانانی هەردوولا لە هەولێر دەستیپێکرد.
رۆژی سێشەممە لە شاری هەولێر بە بەشداری چەند وەزیرێکی حکومەتی هەریمی کوردستان، کۆنفراندی ئابووری نێوان بازرگانانی سعودیە و کوردستان بەڕێوەچوو، ئەوەش دوای سەردانی شاندێکی باڵای بازرگانانی سعودیە بۆ هەولێری پایتەخت.
عەبدولعزیزی شەممەری، باڵیۆزی سعودیە لە عێراق دەڵێت “یاسای وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، تایبەتمەندی هەیە و سەرەنجی وەبەرهێنان رادەکێشێت. تیمی کارسازانی سعودیە لە بوارە جیاوازەکانی لە بوارەکانی وەک وزە، کشتوکاڵ، پیشەسازیی، دروستکردنی کەلوپەلی بیناسازییدا ئامادەبوون. زۆربەیان خواستیان لەسەر دروستکردنی شارێکی پیشەسازیی تەواو لەنێو هەرێمی کوردستاندا دەربڕیوە. هەروەها باس لە بنیاتنانی کارگە کراوە لە شاری هەولێر، کە ببێتە دەستپێک بۆ دروستکردنیان لە تەواوی پارێزگاکانی عێراقدا”.
سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکانی سعودیە، هەرێمی کوردستان بە دەرفەتێکی گرنگ ناودەبات بۆ وەبەرهێنان و یەکەم دیداری ئابووریش بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەزانێت.
سامی بن عەبدوڵڵا، سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکانی سعودیە گوتی “دوای تەواوبوونی گەڕی یەکەمی کۆڕبەندی وەبەرهێنانی سعودی لەگەڵ ئەندامانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پیاوانی کار لە هەرێم بۆماندەرکەوت کە دەرفەتی زۆر گرنگی وەبەرهێنان هەیە لە هەرێم و خاوەن تایبەتمەندیی زۆر باشە بۆ کاری وەبەرهێنان. لە سۆنگەی ئەو پەیوەندییە سیاسییە تۆکمەیەی لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە و لەسایەی رینماییەکانی شا و جێنشینی سعودیە بۆ ئەوەی لە سێکتەری تایبەتدا وەبەرهێنان بکەین، ئێمە سەردانەکەمان دەستیپێکرد و بەخۆشحاڵییەوە لەگەڵ دەوڵەتمەدار بەڕێز سەرۆکوەزیران کۆبووینەوە”.
لە دیدارەکەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان سەدان هەلی وەبەرهێنانی لە بوارەکانی گەشتیاری، کشتوکاڵ و پێشەسازیی بۆ وەبەرهێنەرە سعودییەکان خستەڕوو. بڕیارە بۆردێکی هاوبەشیش لە نێوان بازرەگانەکانی کوردستان و سعودیە دروستبکرێت. هەروەها باس لە کردنەوەی لقی یەکێک لە بانکە سعودییەکان و دەستپێکردنی گەشتی ئاسمانی راستەوخۆ لەنێوان هەولێر و ریازدا کراوە.
لە کۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوەی عێراق کە لە شوباتی 2018 لە کوێت بەڕێوەچوو، سعودیە بە تەرخانکردنی 1.5 ملیار دۆلار ئامادەیی خۆی بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق راگەیاند.
رووداو