باڵوێزی سریلانکا سەردانی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی دەکات


پێش نیوەڕۆی  ئەمرۆ باڵوێزی سریلانکا لە عێراق سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کرد و لەلایەن سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێری ژوورەوە بەگەرمی پێشوازی لێکرا.

لەکۆبونەوەکەدا باڵوێزی سریلانکا، نيرانجان ئەسوكا رایگەیاند ”دەیانەوێت پەیوەندییە ئابووریەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بەهێز بکەن و گەشە بە پەیوەندییە بازرگانیەکانی نێوان بازرگانانی سریلانکا و سلێمانی بدەین بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ئاستێکی بەرزتر و گەشەسەندووتردا بێت”.

باڵوێزی سریلانکا راشیگەیاند ”بەگوێرەی ئامارەکان لەساڵی ٢٠١٦دا عێراق و هەرێمی کورستان لە ریزبەندی سێهەمی ئەو وڵاتانەدا  بوون کە چای سریلانکا هاوردە دەکەن لەساڵی ٢٠١٧ لەریزبەندی دووهەمین وڵاتدا بوون  و ئەم سالیش عێراق یەکەمین وڵاتی هاوردەکاری چای سریلانکایە”.

لای خۆشیەوە سیروان محمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند ”لەدیدارەکەماندا باسمان لە پەیوەندی دۆستانی نێوان هەردوو وڵات کرد و جەختمان لە گرنگی گەشەدان بە پەیوەندییە بازرگانیەکان کردەوە”.

سەرۆکی ژوور ڕاشیگەیاند ”سریلانکا یەکێکە لەو وڵاتانی کە باشترین جۆری چای هەیە لەسەر ئاستی جیهان کە بە بەرزترین کوالیتی بەرهەم دەهێنرێت بۆیە لە داهاتوودا لەگەڵ بازرگانانی چا لە سلێمانی سەردانی گەورەترین پێشنگای چای سریلانکی دەکەین”.
 
دابان نەجمەدین، کارمەندی بەشی پەیوەندیەکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند ”هەر بازرگانیکی سلێمانی خوازیارە سەردانی سریلانکا بکات ئێمە کاروبارەکانی بۆ جێبەجێ دەکەین و لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا قەبوڵکردنی فیزەکەی بۆ وەردەگرین”.