ئه‌کته‌رێکی‌ درامای‌ “باب الحاره‌” له‌لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنی‌ سوریاوه‌ کوژرا

تۆڕی‌ سوری‌ بۆ مافه‌کانی‌ مرۆڤ رایگه‌یاند چه‌کداره‌کانی‌ سه‌ر به‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ سوریا ئه‌کته‌رێکی‌ زنجیره‌ درامای‌ “باب الحاره‌” سوریان کوشتووه‌ به‌تۆمه‌تی‌ پێدانی‌ زانیاری‌ به‌ رژێم.
رونیشیکردووه‌ته‌وه‌ ئه‌کته‌ره‌که‌ ناوی‌ “محه‌مه‌د رافع” ه‌و له‌لایه‌ن که‌تیبه‌یه‌کی‌ چه‌کداریی سه‌ر به‌ ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ دوای‌ رفاندنی‌ شه‌وی‌ رابردوو له‌ ناوچه‌یه‌کی‌ دیمه‌شق کوژراوه‌.
تۆڕی‌ سوری‌ بۆ مافه‌کانی‌ مرۆڤ له‌زاری‌ چالاکوانانی‌ سوریاوه‌ بڵاویکردووه‌ته‌وه‌ ئه‌و ئه‌کته‌ره‌ چه‌کێکی‌ پێ بووه‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ کاره‌کانی‌ که‌ له‌لایه‌ن ده‌زگای‌ هه‌واڵگری‌ ئاسمانی‌ سوریاوه‌ پێی راسپێردرابوو.
به‌پێی سه‌رچاوه‌کانی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ سوریا، ئه‌و ئه‌کته‌ره‌ زانیاری‌ داوه‌ به‌ رژێم له‌دژی‌ خۆپیشانده‌ران و هاوکاری‌ رژێمی‌ کردووه‌.
محه‌مه‌د رافع ته‌مه‌ن (30) ساڵ رۆڵی‌ “ئیبراهیم” ی‌ هه‌بوو له‌ زنجیره‌ درامای‌ “باب الحاره‌” ی‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ که‌ له‌ جیهانی‌ عه‌ره‌بیدا ده‌نگیدایه‌وه‌، به‌ ره‌گه‌ز فه‌له‌ستینی‌ یه‌.