سلێمانی بە دەستووری بیست سەدە لەمەوبەر پڕۆژەی «شانۆی رۆمانی» دەخاتە سەرپێ كە یەكێك دەبێت لە گەورەترین پڕۆژە هونەری و كەلتوورییەكانی عیراق.
پڕۆژەكە سبەینێ دەكرێتەوە
بڕیارە رۆژی 23/7/2018 سەعات 7 ی ئێوارە ئاهەنگی كردنەوەی شانۆی رۆمانی لە هەواری شاری سلێمانی بە چاودێری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت.
بەرپرسانی پڕۆژەكەش دەیانەوێت جارێكی تر ژیانی پڕ لە چالاكی و جموجۆڵی رۆمای كۆن لە پایتەختی رۆشنبیریی هەرێمی كوردستان زیندوو بكەنەوە. بەتایبەت وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان كە سەرپەرشتی راستەوخۆی پڕۆژەكە دەكات.
پڕۆژەكە هەر بە ناوەكەیدا دیارە كۆپییەكی شانۆی كۆلۆسیۆم (Colosseum)ی رۆمایە، بەڵام ئەویان لە سەرەتای سەدەی یەكەم و لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی رۆمانییەكان لە رۆمای پایتەختی ئیتالیا شكڵ و شێوەی وەرگرتووە، ئەوەی سلێمانیش بڕیارە رۆژی دووشەممە بكرێتەوە.
ئەو بینایە، بە یەكێك لە نموونە زیندووەكانی دەسەڵات دادەنرێت لە مێژوودا، كە بەشێك لە دادگایی و لێپرسینەوەكانی رۆمانەكان لەوێوە ئەنجامدراون و دواتر لە سەردەمە جیاوازەكانی تر بۆ چەند بوارێك بەكارهێنراوە، لەوانە زۆرانبازی و شانۆیی، بە گەورەترین شوێنی نمایشی كراوە دادەنرێت لە جیهان و ئێستاش یەكێكە لە حەوت سەرسوڕهێنەرەكەی دنیا.
وردەكاریی پڕۆژەكە
پڕۆژەكەی سلێمانی لەناو پاركی «هەواری شار» بنیادنراوە لەسەر رووبەری 8500 مەتر دووجا دروستكراوە، جێگەی 5027 كەس دەبێتەوە. دووقات بینا كە هەر قاتەی پێكهاتووە لە 350 مەتر دووجا و هەر قاتەی لە 6 ژوور پێكهاتووە، سیستمەكانی ساردی و گەرمی و دەنگ و ئاگاداری ئاگر كەوتنەوە و كامێرای چاودێری لە بیناكەدا هەیە. پڕۆژەكە لەسەر بودجەی (پایتەختی رۆشنبیری/وەزارەتی رۆشنبیری 2013) جێبەجێكراوە، بە بەهای 6,012,489,500 دینار.
سەعات 7 ی ئێوارەی رۆژی دووشەممە 23/7/2018، بە چاودێری جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پڕۆژەكە دەكرێتەوە، كە چەند بڕگەیەكی ئاهەنگ و پێشانگای هونەریش بەمبۆنەیەوە لە شانۆی رۆمانی دەكرێتەوە و هاتن بۆ هەمووانە.